Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند کە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق یارمەتدەر نییە لە بەدیھێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە.
ئاژانسی ھەواڵیی ئیرنا بە پشت بەستن بە راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بڵاویکردەوە کە حەسەن روحانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، حەسەن روحانی رایگەیاندووە "ھێشتا رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھەڕەشەیەکی گەورەیە لە ناوچەکە و ھاوکاری نێوان ھەردوو وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، گرنگ و پێویستە".
گوتیشی: "ئەمریکا بە دووڕوویی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی تیرۆردا دەکات، جگە لەوەیش بوونی ئەمریکا لەسەر سنووری عێراق و سووریا، ھیچ روون نییە".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی باسی لەوەشکردووە، بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق یارمەتدەر نییە لە بەدیھێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە و گوتی: "ئەمریکا رۆڵی تێکدەرانە لە عێراق و ناوچەکە دەگێرێت".
تا ئێستا حکوومەتی عێراق ھیچ روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
لەئێستادا، سێ ھەزار سەرباز لە چوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق بڵاوکراونەتەوە کە لەو ژمارەیە دوو ھەزار و ٥٠٠یان سەربازی ئەمریکان.