Meltem Bulur,1 23
22 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2018
ئەنقەرە – AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پێشهاتەکانەوە دوا و وەڵامی پرسیاری پەیامنێرە دیپلۆماتییەکانی دایەوە.
حامی ئاکسۆی ئاماژەی بەوە دا کە پلانیان بۆ ئەوە داناوە کۆبوونەوەی لووتکەی سێقۆڵی تورکیا-رووسیا-ئێران لەبارەی سووریا مانگی نیسانی داهاتوو لە ئیستانبوڵ ئەنجام بدرێت، پێشتریش لەوانەیە وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات لە ١٣ی ئادار لە ئاستانا کۆببنەوە.
لەبارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسنیشەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی ئەو سەردانەی بە گرنگ لە قەڵەم دا کە لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، پەکەکە و ئەلقاعیدە و درێژکراوەکانیان و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە کردەوە.
حامی ئاکسۆی تیشکی خستە سەر ئەوەی لە راگەیەنراوە هاوبەشەکەدا باس لە دامەزراندنی سێ گرووپی کار کراوە و گوتی: "یەکەم گرووپیان لە بارەی فەتۆ و کۆنسولخانەیە، دووەمیان لەبارەی هەماهەنگی هەردوو وڵاتە بۆ شکستهێنان بە داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە لە سووریا. هەروەها چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی ئەمریکا داویەتی لەبارەی منبج-ەوە و هێنانەدی سەقامگیری لەو ناوچانەی لە دەست داعش رزگارکراون و چۆنیەتی هەماهەنگی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە سووریا. کاری سەرەکی گرووپی سێیەمیش بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشە بەرامبەر پەکەکە. ئێمە هەرگیز وەک خافڵاندن و کات کوشتن بۆ ئەو گرووپانە ناڕوانین. ئەنجامی کارەکانیانمان دەوێت لە رێککەوتێکی دیاریکراودا".