Abdel Razek Abdallah,Said İbicioğlu
10 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2019
جەزائر ــ AA
سەرۆكایەتی جەزائر ئەو پێشنیازانەی پەسەند كرد كە لە لایەن دەستەی نێوەندگیری و دانوستانەوە لە شێوەی دوو پڕۆژەیاسا سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بۆ رێكخستن و سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان پێشكەشكرابوو.
دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی جەزائر كە بەسەرۆكایەتی سەرۆكی كاتی ئەو وڵاتە، عەبدولقادر بن ساڵح بەڕێوەچوو، راگەیەندراوێك بڵاوكرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە كۆبوونەوەكەدا، بە شێوەیەكی بەرایی پڕۆژەیاسای پێکهێنانی دەستەی نیشتمانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و پڕۆژەیاسای هەومواركردنی یاسای پەیوەست بە سیستەمی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان پەسەندكران كە لە لایەن وەزیری داد، بەلقاسم زەغماتی پێشكەشكراون".
پەسەندكردنی هەردوو پڕۆژە یاساكە دوای ئەوە دێت کە پێشتر دەستەی نێوەنگیری رایگەیاندبوو پێشنیازەكانی لەبارەی پێكهێنانی لیژنەی باڵا بۆ رێكخستن و سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان و هەمواركردنەوەی یاسای ئێستای هەڵبژاردنەكان پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە كردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە هەردوو پڕۆژە یاساکە لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانە ئامادەكراوە كە لە لایەن دەستەی نیشتمانی بۆ دانوستان و نێوەندگیری دوای زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ پارت و كەسایەتییە نیشتمانییەكان و نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی پێشكەشكرابوو.
لە راگەیەندراوەكەدا هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە ئامادەكاری، رێكخستن و رێكارەكانی هەڵبژاردن لە دەستپێكی بانگهێشتكردنی دەستەی هەڵبژاردن تاوەكو راگەیاندنی كۆتایی ئەنجامەكان، بە دەستەی نیشتمانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رادەسپێردرێت.
هەورەها روونكراوەتەوە كە ئەندامانی دەستەكە لە نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كەسانی شارەزا، دادوەران و یاریدەدەری دادوەر پێكدەهێندرێت.
سەبارەت بە سەرۆكایەتی دەستەی نیشتمانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "كەسایەتییەكی نیشتمانی سەربەخۆ كە جێگەی متمانەی هەموو لایەنەكان بێت، دەکرێت بە سەرۆكی دەستەكە".
سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان لە راگەیەندراوەكە ئەوە خراوەتەڕوو كە لە چوارچێوەی هەمواركردنەوەی یاساكەدا، مەرجی پشتگیركردنی ٦٠٠ هەڵبژاردراوی خۆجێی هەڵوەشێندراوەتەوە، هەروەها ژمارەی واژووکان (بریكاریەتی) تاكە كەسی بۆ دەنگدەران لە ٦٠ هەزار بۆ ٥٠ هەزار كەمكراوەتەوە كە دەبێت كەسی كاندیدكراو لە ٢٥ ویلایەتدا بەدەستی بهێنێت.
بەپێی راگەیەندراوە هەر لە چوارچێوەی هەمواركردنەوەی یاساكەدا هاتووە "كاندیدكراوان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی، ناچاركراون بڕوانامەی زانكۆ پێشكەش بكەن، پێچەوانەی ئەوەی پێشتر هەبوو كە مەرج نەبوو ئەو كەسەی خۆی كاندید دەکات بڕوانامەی زانکۆ پێشكەش بکات، هەروەها دۆسیەی كاندیدەكان پێشكەش بە دەستەی نیشتمانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكرێت كە كاندیدكراوەكان جیادەكاتەوە لە بری دادگای دەستووریی.
كەناڵی فەرمی جەزائر بڵاویكردەوە، هەردوو پڕۆژە یاساكە دوای ئەوەی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندكران رەوانەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان كراون و بۆ ئەوەی دوای تاوتوێكردن، پەسەند بكرێن.