AA
03 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2016
رۆما - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، "بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا و عێراق درێژە دەكێشێت و لە هەموو لایەكی جیهاندا خەباتكردن بۆ تواندنەوەی رێكخراوەكە بەردەوام دەبێت".
كۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش كە بە بەشداری 23 وڵات و دوو دامەزراوە بەڕێوەچوو كۆتایی هات. دوای دوو كۆبوونەوەكەی لەندەن و پاریس كە ساڵی رابردوو بەڕێوەچوون، ئەمە سێیەم كۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشە و دوای كۆبوونەوەكە، هەریەك لە هاوسەرۆكانی كۆبوونەوەكە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری و هاوتا ئیتاڵییەكەی پاولۆ جێنتیلۆنی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان بەست.
لەناوبردنی داعش، بڕینی سەرچاوە داراییەكانی، نەهێشتنی كاریگەرییەكانی داعش لە لیبیا و شوێنەكانی دیكە لەو بابەتانە بوون كە لە كۆبوونەوەوكەدا تاوتوێ كران.
كیری لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختی كردەوە كە بەرەنگاربوونەوە داعش درێژە دەكێشێت و گوتی: "لەهەموو گۆشەیەكی ئەم جیهانەدا بەردەوام دەبین لە لەناوبردنی داعش و وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی".
كیری ئاماژەی بەوەدا كە ئەو پێشڕەوییانەی لە 16 مانگی رابردوودا تۆماركراون شایانی پشتگوێخستن نین.
كیری گوتی: "10 هەزار هێرشی ئاسمانیمان دژی داعش ئەنجام داوە. میكانیزمە داراییەكانیانمان تێكشكاندووە. بیرە نەوتەكانیانمان كردۆتە ئامانج. كەرەستە گرنگ و چەكە قورسەكانیانمان تێكشكاند. لەسەروبەندی ئەوەداین سنووری توركیا - سووریا بەتەواوی كۆنترۆڵ بكەین. لە رێگەی مەشقەكانەوە 20 هەزار پێشمەرگە و سەربازی عێراقی سەركەوتنی باشیان بەدەست هێناوە. ئەوان شنگال و رومادییان لەدەستی داعش دەرهێنا".
كیری جەختی لە گرنگی قەیرانی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا كردەوە و رایگەیاند ''پێویستە كۆبوونەوەی ئەوتۆ بۆ كۆتاییهێنان بە داعش سازبكەین، بەو شێوەیەش قاچێكی داعش دەشكێنرێت''.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد بەر لە كۆنفرانسی ئەمنیی میونخ كە بڕیارە لە ١١ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت دووبارە بابەتی تاوتوێكردنی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەكرێت و لەوبارەیەشەوە بۆ یەكەمجار وەزیرانی بەرگری لە برۆكسل كۆدەبنەوە.
كیری باسی لەوەش كرد كە ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە پێشنیازی ناردنی یەكەی وشكانی زیادەیان كردووە كە ئەمە پەیوەندی بە شارەزایانی بواری سەربازییەوە هەیە.
- ڤیەننای بیری رووسەكان خستەوە
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەهەنگاوەكانی رووسیا لە ناوچەكە، جۆن كیری ئاماژەی بۆ ئەو رێككەوتنە كرد كە لە ڤیەننا لەبارەی قەیرانی سووریاوە ئەنجامدراوە و گوتی: ''لە ڤیەننا رێككەوتنێك كرابوو. كاتێك پرۆسەی دیالۆگی سیاسی دەستی پێ كرد، پێویستە ئاگربەستیش رابگەیەنرێت و لەئێستاشدا دەستمان بە گفتوگۆكانمان لە جنێف كردووە'' و هەروەها رایگەیاند ''رووسیا دەتوانێت كۆنترۆڵی فڕۆكەكانی رژێم، ئێرانییەكان و حزبوڵڵا بكات. ئێمەش دەتوانین بەو لایەنانەی ئۆپۆزسیۆن بڵیین ئاگربەست رابگەیەنین كە پشتیوانییان دەكەین''.
- ''دۆخی سووریا تا دێت خراپتر دەبێت''
كیری سەرنجی بۆ دۆخی خراپی سووریا راكێشا و رایگەیاند ''لەجیاتی ئەوەی دۆخی سووریا بەرەو باش بچێت، تا دێت خراپتر دەبێت. لە ئێستادا لە سووریا ١٣ ملیۆن هاووڵاتیی پێویستییان بە هاوكاری بەپەلە هەیە و شەش ملیۆن لەو ژمارەیە منداڵن''.
جۆن كیری سەبارەت بە كارەساتی برسیەتی لە مەزایا قسەی كرد و جەختی لەوەكردەوە كە ئەو شارە بە ئۆتۆمبیل تەنها یەك سەعات لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە و داوای لە رژێمی سووریا كرد هەرچی زووە رێگە بدات راڕەوێك بۆ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بەو شارە، درووست بكرێت و جەختی لەوەكردەوە كە برسیكردنی منداڵەكان تاكتیكێكی جەنگە كە لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە پەیڕەو دەكرێت.
كیری نەیشاردەوە كە عێراق لەرووی داراییەوە پێویستی بە هاوكاری زیاترە و لەپاڵ ئەمەدا پێویستە هاریكاری حكوومەتی عێراق بكرێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا بگەیەنێتەووە ئەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی داعش دەرهێنراون و سوپاسی ئیتاڵیاشی كرد بۆ مەشقپێكردنی كارمەندانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق.
- روونكردنەوەكانی پاولۆ جێنتیلۆنی
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاولۆ جێنتیلۆنی، كە میوانداری كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی كرد، باسی لەوە كرد كە لەوەتەی دوواین كۆبوونەوەی گرووپی بچووك كراوە لە پاریس بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، تا ئێستا هەنگاوی ئەرێنی نراوە بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆسەكە، لەبەرئەوە هێشتا دۆخی ئەوە لە ئارادایە بۆ راگەیاندنی سەركەوتنێك. هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد كە لە عێراق بەردەوام دەبن لەسەر خەباتی سەربازی .
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، بۆچوونی وڵاتەكەی سەبارەت بە قەیرانی سووریا خستەڕوو و گوتی: "بانگەوازی ئێمە لە سووریادا ئەوەیە كە لە كۆبوونەوەكانی جنیڤدا قۆناغی ئاگربەست رابگەیەنرێت و ئەو تراجیدیا مرۆییەی لەم ساڵانەی دواییدا روویداوە بوەستێت".
لە وەڵامی پرسیارێكدا پاولۆ جێنتیلۆنی ئاماژەی بەوە كرد كە ماوەیەك لەمەوبەر لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا باسیان لە سپاردنی ئەرك كردووە بە سەربازانی ئیتاڵی لە بەنداوی مووسڵ و لە ماوەیەكی كەمدا ئەركی ئەو سەربازانەی بەرگری لە بەنداوەكە دەكەن دیاری دەكرێت.
لەم نێوەندەدا، لە دوایین ساتەكانی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا ئافرەتێكی سەرپۆش بەسەر هاواری كرد و گوتی: "ئێوە داعشتان دروست كرد" ئەوەش بووە هۆی دروست بوونی گرژی لەنێو هۆڵەكەدا.
لەلایەكی دیكەوە، هەرچەندە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی كیری و جێنتیلۆنی زیاتر تیشكی خستبووە سەر بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا، بەڵام لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا نیگەرانی خراوەتەڕوو سەبارەت بە دۆخی لیبیا كە تیایدا داعش بۆشایی سیاسیی لەو وڵاتەدا قۆستۆتەوە و خۆی پێ بەهێز كردووە.