Muhammet Ali Kemal
22 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2016
نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەشار جەعفەری رایگەیاند "لە كۆبوونەوەكانی جنێڤدا سەبارەت بە سووریا هیچ جۆرە بەرەوپێشچوونێك نەهاتووەتە ئاراوە".
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا ستافان دی مستورا، لە هەفتەی دووەمی كۆبوونەوەكانی جنێڤدا سەبارەت بە سووریا، لەگەڵ شاندی رژێمی ئەو وڵاتە بەسەرۆكایەتی بەشار جەعفەری كۆبوویەوە.
جەعفەری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەدوای كۆبوونەوەكە ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان لەگەڵ دی مستورادا باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كردووە.
بەشار جەعفەری باسی لەوەشكرد كە لە رۆژی یەكەمی كۆبوونەوەكاندا كە هەفتەی رابردوو دەستی پێكرد ئەوان پێشنیازەكانی خۆیان سەبارەت بە قۆناغی راگوزەری سیاسیی پێشكەشی دی مستورا كردووە و وەڵامی پرسیارەكانی ناوبراویان داوەتەوە، لەبارەی بەرەوپێشچوونەكانی كۆبوونەوەكانیشەوە رایگەیاند ''هیچ بەرەوپێشچوونێك نەهاتووەتە ئاراوە''.
نوێنەرە هەمیشەییەكەی سووریا لە نەتەوە یەكگرتووەكان نەیشاردەوە كە نەیانتوانیوە هیچ وەڵامێك لە ئەنجوومەنی باڵای دانوستان سەبارەت بە پێشنیازەكانیان وەربگرن و بانگەشەی ئەوەی كرد كە هەفتەیەكیان بەخۆڕایی بەسەربردووە.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ''داهاتووی ئەسەد'' جەعفەری رایگەیاند ''سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد هیچ پەیوەندییەكی بە كۆبوونەوەكانەوە نییە. ئەمە بابەتی دانوستانیش نییە''.