Sinan Doğan
07 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2022
بۆگۆتا - AA
لە بنکەی عهمباركردنی سووتەمەنی لە بەندەری ماتانزاس لە کوبا تەقینەوەیەک روویدا، بەپێی ئامارە بەراییەکان ٧٧ کەس برینداربوون.
بەپێی هەواڵی راگەیاندنی کوبا، چەند تەقینەوەیەکی یەک لە دوای یەک لە دامەزراوەکانی كۆگاكانی نەوتی خاو لە باکووری وڵاتەکە روویداوە، کە بە "بنکەی عهمباری سوپەر ماتانزاس" ناسراوە.
بەرپرسانی وڵاتەکە باس لەوە دەکەن کە بەهۆی هەورەبروسکەوە ئاگر لە عهمبارهكانی سووتەمەنی لە بەندەرەکەدا کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ٧٧ کەس برینداربوون و ١٧ کارمەندی ئاگرکوژێنەوەش بێسەروشوێنن.
ئاماژە بەوەیش کراوه لە کۆی هەشت عهمباری بەندەرەکە ئاگر لە چواریان کەوتووەتەوە و لە ئێستادا ئاگرەکە بەردەوامە.
وەزیری تەندروستیی کوبا، جۆس ئەنجل پۆرتال لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئەوەی خستەڕوو کە رەوشی تەندروستیی ژمارەیەک لە بریندارەکان سەختە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە بەهۆی توندەباوە هێشتا نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و دووکەڵی چڕی ئاگرەکەش گەیشتووەتە هاڤانای پایتەخت.
بانگەشەی ئەوە دەکرێت شەوی هەیینی کاتژمێر ٢٣:٠٠ تەقینەوە لە یەکێک لە عهمبارهكانی بەندەرەکەدا روویداوە و دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە بۆ عهمبارهكانی دیکە.
بههۆی بیرە نەوتەکان، پاڵاوگەکان، عهمباره گەورەکان و وێستگەکانی کارەبای گەرمی تیایدا، بەندەری ماتانزاس بە گەورەترین بەندەری پیشەسازی و بازرگانیی وڵاتەکە دادەنرێت.