Zana Natık Kerem
01 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2019
لەندەن ــ AA
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مای رایگەیاند، ئەو راپرسەیەی کە لەسەر رێککەوتنی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا (برێکسیت)، ئەنجامدرا، دابەشبوونی لەنێو گەلی وڵاتەکەی لێکەوتەوە و گوتی: "دەمانەوێت کاری باشتر بۆ گەل و وڵاتی خۆمان ئەنجام بدەین".
بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێیەوە، تێرێزا مای پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "ساڵی نوێ دەبێتە لاپەرەیەکی نوێ لە بەریتانیا، ھەروەھا ھەوڵدەدەین لە ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر بەرەو پێش بڕۆین".
جارێکی دیکە تێرێزا مای بەرگری لە رێککەوتنی (برێکست) کرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە میانی ئەم مانگەدا لە پەرلەمانی بەریتانیا دەنگی لەسەر بدرێت و گوتی: "ئەو رێککەوتنە کە گفتوگۆی زۆری لەسەر کرا، رێککەوتنێکی زۆر باشە بۆ ئیرادەی گەلی بەریتانیا و لە میانی چەند ھەفتەی داھاتوودا، ئەندامانی پەرلەمان بڕیارێکی گرنگ لەبارەیەوە دەدەن".
پێشتر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ھەفتەی دووەمی ئەم مانگە وەک وادەیەک بۆ پەرلەمان دیاریکردبوو بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر رێککەوتنی (برێکست) بدات کە پێشتر بەریتانیا و یەکێتی ئەورووپا لەسەر رێککەتبوون.
بڕیاربوو لە ١١ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ دەنگ لەسەر (برێکست) بدرابایە، بەڵام تێرێزا مای بە ھۆی ئەوەی نەبوونی پشتیوانی پێویست بۆ رێککەوتن لەسەر (برێکست) لە پەرلەمانی بەریتانیا، دەنگدانەکەی دواخستبوو.
بەپێی رێککەوتنی (برێکست) بەریتانیا تا ٢٩ی مانگی ئاداری داھاتوو کاتی لەبەردەستدایە بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەورووپا.