Adel Bin Ibrahim Bin Elha Elthabti,Gülşen Topçu
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2020
تونس - AA
لە تونس کابینەی حکوومەتەکەی هیشام میشیشی کە لە کەسایەتی تەکنۆکرات پێکهاتووە، متمانەی پێ درا.
لە دەنگدانێکدا کە دوێنێ لە پەرلەمانی تونس دەستی پێ کرد و زیاتر لە ١٤ کاتژمێری خایاند، ١٣٤ پەرلەمانتار لە بەرژەوەندی حکوومەت دەنگیان دا و ٦٧ پەرلەمانتاریش لە دژی.
هەریەک لە پارتەکانی بزووتنەوەی نەهزە، دڵی تونس، ئیسڵاح، بژی تونس، کوتلەی نیشتمانیی و ئایندە لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ لەوانە بوون کە متمانەیان بەخشیە کابینەکەی هیشام میشیشی.
هاوکات پەرلەمانتارانی پارتەکانی کوتلەی دیموکراتی، هاوپەیمانی شکۆ و دەستووری ئازاد لە دژی حکوومەت دەنگیان دا.
هیشام میشیشی کە کابینەی حکوومەتەکەی بە ٢٥ وەزیری و سێ وەزیری دەوڵەت (جێگری وەزیر) پێکهێناوە لە گوتاری کردنەوەی دانیشتنی بەخشینی متمانە بە حکوومەتەکەی ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتەکەی کار دەکات بۆ باشکردنی هەلومەرجەکانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی وڵات.