Emre Aytekin
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە- AA
رۆژنامەی "Washington Post" بڵاوی کردەوە کە گوتەبێژی کۆشکی سپی، جۆد دییەر ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئەمریکا بەشداری ناکات لە پڕۆگرامەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا.
ئەوەیشی بڵاوکردووەتەوە کە جۆد دییەر جەختی لەوەیش کردووەتەوە، وڵاتەکەی بەتەنها هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین دەدات و بۆ ئەو مەبەستەیش هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی دەکات.
پێشتر ئیدارەی ترەمپ تۆمەتی ئەوەی دابووە پاڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە لەژێر کاریگەری چین بڕیار دەدات و هەر بەو پاساوەیش واشنتۆن لە ٢٩ی ئایاردا کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوەکە هێنا.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا پڕۆگرامێکی بەناوی "Covax" راگەیاندووە و لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکەدا، گفتوگۆ لەگەڵ زیاتر لە ١٧٠ وڵات دەکرێت و هەریەکە لە ئەڵمانیا و ژاپۆن کە هاوپەیمانی ئەمریکان پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆگرامەکە راگەیاندووە.
پسپۆڕانیش هۆشداری ئەوە دەدەن کە بەتەنها کارکردنی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم هەوڵەکانی دۆزینەوەی ڤاکسینی ڤایرۆسەکەدا.
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لە چین دۆزرایەوە تا ئێستا بە زیاتر لە ٢٠٠ وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، زیاتر لە ٢٦ ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە ٨٦١ هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.