Yosra Ouanes,Zana Natık Kerem
17 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2019
تونس - AA
دەستەی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی تونس كە بە شێوەیەكی فەرمی و كۆتایی سەركەوتنی كاندیدی سەربەخۆ، قەیس سەعەید لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییدا راگەیاند دوای ئەوەی ٧٢،٧١ی لەسەدای دەنگەكانی بەدەستهێناوە.
لەو بارەیەوە سەرۆكی دەستەی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی تونس، نەبیل بفۆن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی تونسی بڵاوكردەوە.
نەبیل بفۆن رایگەیاند "ژمارەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییدا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگدەر، بەپێی ئەنجامی كۆتایی جیاكردنەوەی دەنگەكانیش، قەیس سەعەید، دوو ملیۆن و ٧٠٠ ھەزارو دەنگی بەدەستھێناوە كە دەكاتە رێژەی لەسەدا ٧٢،٧١ ی دەنگەكان و لە بەرامبەردا ركابەرەكەی، نەبیل قورەوی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگی بەدەستھێناوە كە دەكاتە رێژەی لەسەدا ٢٧،٢٩ ی دەنگەكان".
لای خۆیەوە ئەندامی دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، فارووق بوعەسكەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند كە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئاگاداردەكەنەوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتوودا، سەركۆماری هەڵبژێردراو سوێندیی یاسایی بخوات.
فارووق بوعەسكەر ئاماژەی بەوەشكرد كە دوای ئاگاداركردنەوەكە، دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران لە میانی ١٠ رۆژدا دانشتنێك ساز بكات بۆ ئەوەی سەركۆماری هەڵبژێردراو سوێندی یاسایی بخوات.
رۆژی یەكشەممە پرۆسەی دەنگدان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی تونس بەڕێوەچوو كە تیایدا هەریەك لە كاندیدی سەربەخۆ، قەیس سەعەید و سەرۆكی پارتی "دڵی تونس"، نەبیل قورەوی ركابەری یەكتریان كرد.
هاوكات هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئەندامی دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی تونس، حەسنا بن سلێمان ئاماژەی بەوەكرد كە تا ١٣ی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، لایەنەكان دەرفەتیان هەیە تانەكانیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمار بكەن.
لە حەوتی ئەم مانگە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی تونس بەڕێوەچوو كە تیایدا بزووتنەوەی نەهزە بەسەرۆكایەتی راشد غەنوشی زۆرترین دەنگەكانی بەدەستهێناوە.