Adil Essabiti,Zana Natık Kerem
13 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2019
تونس ــ AA
لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی تونس، ناوەند و بنكەكانی دەنگدان بە رووی دەنگدەراندا كرانەوە كە تیایدا هەریەك لە كاندیدی سەربەخۆ، قەیس سەعید و سەرۆكی پارتی "دڵی تونس"، نەبیل قورەوی ركابەری یەكتر دەكەن.
لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییدا كە لە ١٥ی مانگی رابردوودا، بەڕێوەچوو كاندیدی سەربەخۆ، قەیس سەعید ١٨،٤ی لەسەدا و سەرۆكی پارتی "دڵی تونس" نەبیل قورەوی ١٥،٥٨ی لەسەدای دەنگەكانیان بەدەستهێنابوو.
پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی تونس لە كاتژمێر هەشت بە كاتی ناوخۆ دەستیپێكرد و تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و دواتر دەست بە جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگدەكان دەكرێت.
لەم هەڵبژاردنەدا، حەوت ملیۆن و ١٥٥ هەزار دەنگدەر كە ناویان لە لایەن دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە تۆماركراوە مافی دەنگدانیان هەیە.
پرۆسەی دەنگدان لە ١٣ هەزار نووسینگەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت كە بەسەر چوار هەزارو ٥٦٧ ناوەندی دەنگدان لە ٣٣ بازنەی هەڵبژاردن لە ناوخۆ و دەرەوەی تونس دابەشكراون.
دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی تونس رایگەیاندووە كە لەبەر هۆكاری ئەمنی ٢٤٢ بنكەی دەنگدان لە كاتژمێر ١٠ی بەیانی بەكاتی ناوخۆ لە رۆژئاوای وڵات بەڕووی دەنگدەراندا كراونەتەوە و لە كاتژمێر چواری ئێوارە دادەخرێن.
لە دوای شۆڕشی كانوونی دووەمی ٢٠١١، ئەمە دووەمجارە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە تونس بەڕێوەدەچێت.