Mehmet Şah Yılmaz
13 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی تورکیا لە راپۆرتی فراوانکردنی ٢٠٢٢ی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، رایگەیاند: "بانگەشە ناڕەواکانی یەکێتی ئەورووپا لە دژی سیستمی سیاسیمان، سیاسەتمەدار و کاربەدەستەکانمان، ماف و ئازادییە سەرەکییەکانی وڵاتەکەمان و هەندێک بڕیاری دادوەری و بەرەنگاربوونەوەمان لەدژی تیرۆر بە تەواوەتی رەتدەکەینەوە".
لەو راگەیەندراوەدا کە لەلایهن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە لە راپۆرتی ٢٠٢٢ی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپادا کە ئەمڕۆ بڵاوكراوهتهوه، یەکێتی ئەورووپا جارێکی دیکە هەڵوێستی بێ دیدگا و دوور لە روانگەی ستراتیژیی خۆی بەرامبەر بە تورکیا نیشانداوە و ئەوە خراوەتەڕوو کە لە راپۆرتەکەدا بەرپرسیارێتییەکان بەرامبەر تورکیای وڵاتی کاندید بۆ ئەندامبوون لە یەکێتییەکە پشتگوێ خراوە و هەڵوێستێکی دوو پێوەری نیشاندراوە و ئەم بەڵگەیە نموونەیەکی دیکەی هەڵوێستی لایەنگیریی یەکێتیی ئەورووپایە لە بەرامبەر تورکیا.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپا کە لە ٦ی تشرینی یەکەم بە بەشداریی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوەچوو، باس لە پێکەوە هەنگاونان لە دژی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و گرنگیی هەماهەنگی کراوە بەڵام ئەم رۆحی هەماهەنگییە لە راپۆرتی تایبەت بە تورکیا ئاماژەی پێنەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەتایبەتی بانگەشە بێبنەماکان و رەخنە ناڕەواکانی بەشی پێوەرەکانی دادگا و مافە سەرەکییەکانی دادوەری قبوڵ ناکەین. بانگەشە ناڕەواکانی یەکێتی ئەورووپا کە ئاستەنگە سیاسییەکانی بەردەم بەشەکانی دانوستانکردن هەڵناگرێت، لە دژی سیستمی سیاسیمان، سیاسەتمەدار و کاربەدەستەکانمان، ماف و ئازادییە سەرەکییەکانی وڵاتەکەمان و هەندێک بڕیاری دادوەریی و بەرەنگاربوونەوەمان لە دژی تیرۆر، بە تەواوەتی رەتدەکەینەوە".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە بەشەکانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دەریای ئیجە و قوبرس، راپۆرتەکە وهك هەمیشه رەنگدانەوەی بۆچوونی نایاسایی و توندڕەوی دوانەی قوبرسی یۆنانی-یۆنان لە خۆدەگرێت، پشتگوێ خستنی تورکەکانی قوبرس و بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدان بە راوبۆچوونەکانی تورکیا و کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، بە روونی ئەوە نیشاندەدات کە راپۆرتەکە بەرژەوەندی چ لایەنێکی لەبەرچاو رتووە و ئەوە وەبیر هێنراوەتەوە کە یەکێتی ئەورووپا دەزگایەکی دادوەریی نێودەوڵەتی نییە کە دەسەڵاتی ناوچەی دەریایی دیاری بکات و هەڵسوکەوتی یەکێتییهكه بەم شێوەیە پێشێلکردنی دەستکەوتەکانی خۆی و یاسای نێودەوڵەتییە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا باس لەوە کراوە کە رەخنەگرتن لە تورکیا لە راپۆرتەکە لەسەر بەشدارینەکردنی لەو سزایانەی کە یەکێتیی ئەورووپا لەچوارچێوەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا سەپاندوویەتی، سەرەڕای ئەوەی هیچ بەرپرسیارێتییەک نایگرێتەوە، سەرسوڕهێنەرێکی دیکەیە.
ههروهها تیایدا هاتووە: "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەناردەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە و گۆڕینەوەی دیل لە نێوان لایەنەکانی جەنگەکە تەنها له سایەی هەڵوێستی مهبدهئیانهی تورکیا دێتە دی".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "دەبێت یەکێتیی ئەورووپا ئەو ئاڵنگارییە جیۆسیاسییانەی ئێستا لەبەرچاو بگرێت و تورکیا نەک وەکو وڵاتی سێیەم کە لە کاتی پێویستدا لە دەرگای دەدات بەڵکو وەکو وڵاتێکی بەربژێری دانوستکار ببینێت و پێداویستییەکانی بەڵێن و دڵسۆزی بەجێ بگەینێت. تەنها لە کاتێکدا راپۆرتەکانی یەکێتی ئەورووپا لەلایەن ئێمەوە بە جددیی وەردەگیرێت کە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە پەیڕەو بکات".