Nazlı Yüzbaşıoğlu,Ramal Abdullah Mahmood
28 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2018
ئه‌نقه‌ره - AA
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، حامی ئاكسۆی سه‌باره‌ت به گوته‌كانی سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن له‌باره‌ی توركیا و قۆناغی ئه‌ندامێتی توركیا له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا رایگه‌یاند "به نیگه‌رانییه‌كی قوڵه‌وه له هەندێ لێدوانی (ماکرۆن) ده‌ڕوانین له‌باره‌ی وڵاته‌كه‌مان و قۆناغی ئه‌ندامێتی له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌و باره‌یه‌وه، حامی ئاكسۆی له نووسراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه هەندێ له گوته‌كانی سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن كه دوێنێ له میانی كۆنفرانسی باڵیۆزاندا له پاریس له‌باره‌ی توركیا و قۆناغی ئه‌ندامێتی له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا دای به نیگه‌رانییه‌كی قوڵه‌وه وه‌ریده‌گرین.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه توركیا به هۆی هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی 15ی ته‌مووزی 2016ه‌وه قۆناغێكی سه‌ختی تیپه‌ڕاندووه و گوتی: "له‌و مانگه‌ی تێمانپه‌ڕاند باری نائاسایی هه‌ڵگیرا، توركیا چووه‌ته قۆناغی ئاساییه‌وه و دوای ئه‌وه‌ی پێی ناوه‌ته سیستمی سه‌رۆكایه‌تی به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی چاكسازییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا چووه‌ته قۆناغی پێشكه‌وتنه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له هه‌موو پلاتفۆڕمێكدا ده‌یانجار باسمان كردووه ئه‌وه‌تا روونكردنه‌وه‌كانی ماكرۆن سه‌باره‌ت به وڵاته‌كه‌مان جارێكی دیكه نیشانی‌دا كه دووره له تێگه‌یشتن له راستیه‌كانی توركیا. وڵاته‌كه‌مان كه له رووی سیاسیی، جوگرافی و مێژووییه‌وه به‌شێكی دانه‌بڕاوی ئه‌ورووپایه و هه‌میشه به‌زیاده‌وه ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی به‌جێگه‌یاندووه بۆ ئاسایشی كیشوه‌ری ئه‌ورووپا، ئه‌وە له‌گه‌ڵ راستیدا یه‌كناگرێته‌وه كه به نه‌یاری ئه‌ورووپای له قهڵهبدرێت".
حامی ئاكسۆی ئاماژه‌ی به‌وه دا، توركیا كه ئەندامە له ناتۆ و كاندیده بۆ بوونه ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ئێستادا هاوبه‌شێكی ستراتیجی و تایبه‌تی یه‌كێتیی ئه‌ورووپایه و له زۆر بواردا هه‌ر له كێشه‌ی كۆچه‌وه تا ده‌گات به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر خاوه‌ن میكانیزمه‌كانی هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شێتییه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و گوتی: "به‌ڵام دیاره كه ئه‌وانه نابنه ئه‌ڵته‌رناتیڤی پرۆسه‌ی به‌شداری كه بنه‌مای هه‌یه له په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، حامی ئاكسۆی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه له رێگای سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌وه توركیای دیموكرات وعه‌لمانی به‌هێزتر ده‌بێت و پێداگیریشه له‌سه‌ر به‌ره‌پێشچوون له رێگای ئه‌ندامبوونی ته‌واوه‌تی له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و گوتی: "یه‌كێتییه‌كی ئه‌ورووپا كه توركیا ئه‌ندام بێت تیایدا و پشت به‌ستوو به به‌ها هاوبه‌شه‌كان و ئه‌و ئامانجانه‌مان كه له به‌رامبه‌ر جیاكاری و پۆپۆلیزم ده‌وه‌ستنه‌وه كه بوونه‌ته نه‌خۆشیی له جیهان. له‌م میانه‌یه‌دا چه‌ندجارێك به‌كارهێنانی 'ئیسلامیی' و 'تیرۆری ئیسلام' له زاری ماكرۆن سه‌رنجی راكێشاین. جارێكی دیكه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه تیرۆر ئایین، نه‌ته‌وه و ره‌گه‌زی نییه و به‌ستنه‌وه‌ی به هه‌ر ئایینێك هه‌ڵه‌یه‌كی ئێجگار گه‌وره‌یه. ماكرۆن له گوتاره‌كه‌یدا به‌بیری هێنایه‌وه كه جه‌نگی سارد كۆتایی هاتووه له‌و قۆناغه ئاڵۆزه‌دا كه جیهان رووبه‌ڕووی ته‌حه‌داكان بووه‌ته‌وه ده‌مانه‌وێت له‌م قۆناغه نوێیه‌دا گرنگی یه‌كێتییه‌كی ئه‌ورووپا كه توركیا ئه‌ندام بێت تیایدا به بیری بهێنینه‌وه".