Muhammet Ali Kemal
14 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن- AA
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەیەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس لەدوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکى ئەو وڵاتە، وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی دایەوە.
دۆناڵد ترەمپ میدیای ئەمریکی تاوانبارکرد بەوەی کە دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆک، رەش پێستەکان و مسوڵمانەکانی ئەمریکا ترسیان لێنیشتووە و گوتی: '' ئەگەر بەڕاستی بەوشێوەیە هەستبکەن، ئەوە شتێکی زۆر خراپە. بەبڕوای من ئەم ترسە لەلایەن میدیاوە ئاراستە دەکرێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی چەند رووداوێک پێشتریش لەئەمریکا بوونیان هەبووە و روویانداوە، بەڵام وا نیشاندەدرێت کە ئێستا سەریانهەڵداوە. تەنانەت ئەگەر من شتێکیشم نەگووتبێت، ئەوان شتێک دەدۆزنەوە و دەیکەنە چیرۆک، میدیا بۆ ئەم کارە ئامڕازێکی باشە''.
لەچاوپێکەوتنەکەدا ئەوە وەبیری ترەمپ هێنرایەوە کە دوای سەرکەوتنی لەهەڵبژاردنەکاندا، سەدان هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی رژاونەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە. لەبەرامبەردا ترەمپ بانگەشەی ئەوەیکرد ئەو کەسانەی لەخۆپیشاندانەکاندا بەشدارییان کردووە بەباشی نایناسن و ژمارەیەک خۆپیشاندەری ئاراستەکراو تێکەڵاو بە ناڕەزایەتییەکان بوون کە هانی ئەوانی دیکە دەدەن و گوتی: ''ئەوانەی لەسەر شەقام دژی من خۆپیشاندان دەکەن ژمارەیەکیان خۆپیشاندەری ئاراستەکراون''.
هیواشی خواست هەرچی زووە خۆپیشاندانەکان کۆتاییانبێت و گوتی: ''بەو کەسانەی کە دژی من خۆپیشاندان دەکەن و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن دەڵێم با نەترسن. مەترسن، هێزی ئەم وڵاتە دووبارە دەستدەخەینەوە. تازە لەهەڵبژاردنەکان تەواوبووین و پێویستە هەندێک کاتمان بدرێتێ. ئەگەر هیلاری کلینتۆن بیبردایەتەوە و پشتیوانانی من بڕژانایەتە سەر شەقام، ئەوکاتە هەمووان سەرکۆنەیان دەکردن.هەڵوێستێکی دیکە دەنوێنرا. سیاسەتێکی دووفاقی پەیڕەو دەکرێت''.
ترەمپ لەوەڵامی ئەوەی سەبارەت بە داعش چ نەخشەرێگەیەک دەگرێتەبەر، ئاماژەی بەوەکرد نایەوێت وردەکارییەکان باسبکات و گوتی: ''من وەک ئەوانە نیم کە بەرلە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بەچوار مانگ، دەست بە باسکردنی بکەم. لەو ماوەیەدا هەموو فەرماندە و سەرکردەکانی داعش ناوچەکەیان جێهێشت''.
جەختیشی کردەوە لەوەی تەنها ئەوەندە دەڵێم کە ''بەتەواوەتی لە داعش رزگارمان دەبێت''.
دۆناڵد ترەمپ سەرنجی بۆ ئەو بڕە پارەیە راکێشا کە ئەمریکا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرەنگاربوونەوەی داعشدا خەرجیکردووە و گوتی: '' ئێمە 6 ترلیۆن دۆلارمان خەجکردووە. بەم پارەیە دووجار هەموو ئەم وڵاتەمان درووستدەکردەوە. تەماشای رێگەکان، پردەکان، تونێلەکان و فڕۆکەخانەمان بکەن، هەموویان زۆر کۆن بوون''.
ترەمپ ئاشکراشیکرد ئەو 400 هەزار دۆلارە کە وەک مووچەی سەرۆک دەیدرێتێ، وەریناگرێت و گوتی: ''وابزانم لەرووی یاساییەوە دەبێت وەریبگرم. لەبەر ئەوە تەنها یەک دۆلاری وەردەگرم''.