Safvan Allahverdi,Abdullah Shukur
22 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2019
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ئەگەر ئێران دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت ئەوا دەبێتە "وڵاتێکی دەوڵەمەند و دڵخۆش و باشترین هاورێی خۆی (ترەمپ)".
ترەمپ لە کاتی ھاتنە دەرەوەی لە کۆشکی سپی کە بۆ کۆبوونەوە لەبارەی ئێران سەردانی کامپ دەیڤیدی کردبوو، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
ترەمپ رایگەیاند کە رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی و گوتی: "ئەگەر ئەوان بەمە قایل بن ئەوا دەبنە وڵاتێکی دەوڵەمەند. زۆر دڵخۆش دەبن و دەبمە باشترین ھاوڕێی ئەوان. ھیوادارم ببێت".
لەلایەکی دیکە ترەمپ لەباری پرسیاری ئەوەی کە ئایا بژاردەی سەربازیی بەرامبەر ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆیە یاخود نا، رایگەیاند کە تا قەیرانی ئێران چارەسەر دەکرێ، بژاردەی سەربازیی ھەمیشە لە نێو بژاردەکان دایە.
ترەمپ باسی لە وردەکاری ئەو کۆبوونەوەیەی کۆشکی سپی کرد کە لەبارەی چۆنییەتی وەڵامدانەوەی ئێران بەرامبەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ئەنجامدرابوو.
ترەمپ گوتی: "پێش بڕیاردانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە راوێژکارەکانم پرسی بەوەی کە چەند کەس دەبنە قوربانی. ژمارەیەکی پێشبینیکراویان بەمن دا بەڵام من ژمارەیەکی روونم ویست. نامەوێ باسی وردەکارییەکان بکەم بەڵام ئەم ژمارەیە لە ھەنگاوی یەکەمدا لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ کەس بوو. لە شاری نیویۆرکەوە دێم کە ژمارەیەکی زۆری ئێرانی تێدا دەژی. خەڵکی نایابن. ھاوڕێی ئێرانیم ھەن. زۆر ژیر و ئاست بەرزن. نەمویست ١٥٠ ئێران بکوژم. بە دڵنیاییەوە ئەگەر پێویست نەکات نامەوێ ١٥٠ کەس بکوژم".
ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە کە بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی ھێرشەکە دەستخۆشی لێکراوە و گوتیشی: "ھەموو کەس باسی ئەوەیان دەکرد کە من دەھۆڵی جەنگ لێدەدەم. ئێستا ھەمان ئەو کەسانە پێم دەڵێن کۆتر (کۆتری ئاشتی)".