Dildar Baykan
08 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوە کرد کە قۆناغێکی دەستاو دەستکردنێکی نەرم بۆ حکوومەتەکەی جۆ بایدن دەستەبەر دەکەن، ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی نوێ لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا دەستبەکار دەبێت.
دوای کاردانەوەکان بەرامبەر هەڵکوتانە سەر بینای کۆنگرێس لە لایەن خۆپیشاندەرانی پشتیوانانی ترەمپەوە لە رۆژی چوارشەممەدا، ترەمپ پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تویتەردا بڵاوکردەوە.
ترەمپ هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی بە "هێرشێکی ناشرین" ناوزەند کرد و، گوتی: ''وەک هەموو ئەمریکییەکان منیش بەهۆی توندوتیژیی، نایاسایی و ئاژاوەوە تێکشکام".
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە ماوەیەکی کەم لە دەستپێکی رووداوەکان هێزەکانی ئاسایشی فیدراڵی و پارێزەرانی نیشتمانی راسپاردووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و، گوتی: ''ئەمریکا هەمیشە دەوڵەتێکی یاسا بووە و دەبێت هەرواش بێت".
ترەمپ کاردانەوەی توندی بەرامبەر خۆپیشاندەران نیشاندا و، گوتی: "ئێوە نوێنەرایەتی وڵاتەکەمان ناکەن. ئەوانەی یاسایان پێشێلکردووە باجەکەی دەدەن".
باسی لەوەش کرد کە وڵات بە قۆناغێکی هەڵبژاردنی سەخت و چڕدا دەرچووە و، گوتی: "پێویستە ئێستا گرژی کەمبێتەوە. تیمی کەمپینی هەڵبژاردنەکەم هەموو رێگا یاساییەکانی بەکارهێنا بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن. تاکە ئامانجم دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەڵبژاردن بوو. من هەوڵم دەدا بۆ بەرگریی کردن لە دیموکراسی ئەمریکا".
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چاکسازی سیستمی هەڵبژاردن لە وڵاتدا مەرجە و، گوتی: "ئێستا کۆنگرێس ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تۆمار کردووە و حکوومەتی نوێ لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا دەست بەکار دەبێت. ئێستا ئامانجی من دەستەبەری قۆناغێکی نەرم، رێک و بێ کەموکورتی دەستاودەست کردنی دەسەڵاتە".
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ٢٠٢٠ سەردەمێکی سەخت بووە بۆ وڵات و، خۆشیان ئەوەی لەدەستیان هاتووە ئەنجامیان داوە و، گوتی: "پشتیوانانی خۆشەویستم دەزانم کە تووشی نائومێدی بوون، بەڵام دەمەوێت ئەوە بزانن کە کاروانێکی مەزنی تازە دەستپێدەکات".