Mazın Asad
01 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2017
واشنتۆن - AA
کۆشکی سپی رایگەیاند کە لەئێستادا بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەربارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیب بۆ قودس ھەڵپەسێردراوە.
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا بڕیاری ترەمپ دەربارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس ھەڵپەسێردراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "نابێت ئەم ھەنگاوە وەک ھەنگاونانی سەرۆک(ترەمپ) بۆ دواوە لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و ھاوپەیمانێتی بەھێزی ئەمریکا-ئیسرائیل ببینرێت. سەرۆک ترەمپ بە مەبەستی زیاترکردنی چانسی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و بەرگریکردن لە بەرژوەندی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئەو بڕیارەی داوە".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە درێژایی کەمپینی ھەڵبژاردندا چەندین جار بەڵێنی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیب بۆ قودس دابوو، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئاماژەی بەوە دابوو کە بە تێروتەسەلی ھەڵسەنگاندن لەسەر ئەو بڕیارە دەکەن و دوای ئەوەی لەگەڵ بەرژوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا گونجا، ئەوکات بڕیارەکە جێبەجێ دەکەن.
کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٥ بە پرۆژە یاسایەک شاری قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل پەسەند کرد، بەڵام لەوکاتەوە گشت سەرۆکەکانی ئەمریکا بە ھۆکاری مەترسی بۆ بەرژوەندی ئەمریکا، باڵیۆزخانەکەیان لە تەلئەبیب هێشتووەتەوە.