Rewa Mahmut Hasan
06 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2017
واشنتۆن AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئێرانی بەتیرۆریستی ژمارە یەک لە قەڵەم دا و رێککەوتننامەی ئەتۆمیش کە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا واژووی کردووە بەخراپترین رێککەوتننامە وەسف کرد.
لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی کەناڵی فۆکسی ئەمریکیدا، ترەمپ رەخنەی توندی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی وڵاتانی ٥+١ و ئێران گرت کە سەرۆکی پێشوو، باراک ئۆباما واژووی کردبوو و لەو بارەیەوە رایگەیاند کە بەبێ هۆکار ئیدارەی ئۆباما واژووی کردووە و بەخراپترین رێککەوتننامەشی لە قەڵەم دا.
ترەمپ لەبارەی ئەوەی کە لە رێککەوتننامەکە پاشەگەزدەبنەوە یان نا، گوتی: "وڵاتەکەمان هیچ بەلای ئەوانەوە گرنگ نییە، ئەوان دەوڵەتێکی تیرۆریستی ژمارە یەکن. پارە و چەک بۆ هەموو لایەک دەنێرن. رێز لە وڵاتمان ناگرن. ئەگەر لە رێککەوتننامەکەوە بیان گوتایە ئیتر هەموومان پێکەوەین، ئەوا تێدەگەیشتم و وابەستەی رێککەوتننامەکە دەبووم. بەڵام ئەوان چاودێری فڕۆکەکانمان دەکەن و بەچواردەوری کەشتیەکانماندا دێن و دەچن. رێزیان بەرامبەر ئێمە لەدەست داوە".
لە وەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکارەکە دەربارەی ئەوەی کە ئایا رێز لە پوتین دەگرێت، ترەمپ گوتی: "بەڵێ رێز لە پوتین دەگرم بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کەوا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵدا دەبەستم. ئەو سەرۆکی وڵاتی خۆیەتی. هەڵکردن لەگەڵ رووسیا باشترە لە هەڵنەکردن لەگەڵیدا. ئەگەر لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامییەوە رووسیا یارمەتی ئێمە بدات کە ئەمە شتێکی باشە، ئەوا واتای وایە لەگەڵ ئەودا بەباشی هەڵدەکەین پێکەوە".