تره‌مپ هۆشدارییه‌كی "هه‌ڕه‌شه‌ئامێز"ی دا به سوپای ڤێنیزوێلا
- سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ به شێوه‌یه‌كی "ناڕاسته‌وخۆ" هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و كارمه‌ندانه‌ی سوپای ڤێنیزوێلا كرد كه به‌رده‌وامن له پشتگیریكردنی سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆڵاس مادورۆ.
Washington DC
واشنتۆن – AA
سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ به شێوه‌یه‌كی "ناڕاسته‌وخۆ" هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و كارمه‌ندانه‌ی سوپای ڤێنیزوێلا كرد كه به‌رده‌وامن له پشتگیریكردنی سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆڵاس مادورۆ و رایگه‌یاند "ئه‌وان ژیان و داهاتووی خۆیان و داهاتووی ڤێنیزوێلا ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه بۆ پیاوێك كه له لایه‌ن سوپای كوباوه كۆنتڕۆڵ كراوه و ده‌پارێزرێت".
تره‌مپ له ویلایه‌تی فلۆریدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌و هاووڵاتییه ڤێنیزوێلایانه كۆبۆوه كه له ئه‌مریكا ده‌ژین.
له میانی پێشكه‌شكردنی گوتارێك له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تره‌مپ جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی دان به خوان گوایدۆ داده‌نێت وه‌ك سه‌رۆكی كاتی ڤێنیزوێلا نه‌وەك نیكۆڵاس مادورۆ و گوتی: "له‌گه‌ڵ خوان گوایدۆ و گه‌لی ڤێنیزوێلاداین. ئیدی ته‌نها له ڤێنیزوێلا نا به‌ڵكو له نیكاراگوا و كوباش (ته‌مه‌نی) سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم چه‌ند رۆژێكی ماوه".
تره‌مپ له گوتاره‌كه‌یدا چه‌ندین جار "ئه‌مریكا هه‌رگیز نابێته وڵاتێكی كۆمۆنیست" دووپات كرده‌وه.
بۆ یه‌كه‌مجار دۆناڵد تره‌مپ به‌توندی له‌باره‌ی سوپای ڤێنیزوێلاوه دوا كه تاكو ئێستا پشتگیری له مادورۆ ده‌كه‌ن و به شێوه‌یه‌كی "ناڕاسته‌وخۆ" هه‌ڕه‌شه‌ی له كارمه‌نده پله‌به‌رزه‌كانی سوپای ئه‌و وڵاته كرد و گوتی: "ئه‌وان ژیان و داهاتووی خۆیان و داهاتووی ڤێنیزوێلا ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه بۆ پیاوێك كه له لایه‌ن سوپای كوباوه كۆنتڕۆڵكراوه و ده‌پارێزرێت. ئه‌گه‌ر پشتگیری له مادورۆ هه‌ڵببژێرن ئیدی نه‌وایه‌كی ئارام یان رێگایه‌كی ئاسان بۆ ده‌ربازبوون نادۆزنه‌وه. هه‌موو شتێك له‌ده‌ست ده‌ده‌ن".
سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه قۆناغێكی ئاشتیخوازانه‌ی به‌هێزیان بۆ ڤێنیزوێلا ده‌وێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا سه‌رجه‌م بژارده‌كان له‌سه‌ر مێزن بۆ گفتوگۆ.
- "سۆسیالیزم له ڤێنیزوێلا ده‌مرێت"
تره‌مپ باسی له وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌مریكای لاتینیش كرد و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه له‌وانه‌یه ئه‌و رووداوانه‌ی ئێستا له ڤێنیزوێلا روو ده‌ده‌ن له وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌مریكای لاتینیش قۆناغی هاوشێوه روو بده‌ن و گوتی: "به ته‌واوی له ڤێنیزوێلا و به‌شی رۆژئاوای جیهان سۆسیالیزم ده‌مرێت، ئازادی، خۆشگوزه‌رانی و دیموكراسی سه‌رله‌نوێ له دایك ده‌بنه‌وه".
تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه جگه له ڤێنیزوێلا له نیكاراگوا و كوباش "رێگای دیموكراسی و ئازادی به‌هێز ده‌بێت".
دۆناڵد تره‌مپ ره‌خنه‌ی توندی له ئیداره‌ی مادورۆ گرت به‌وه‌ی رێگای نه‌داوه هاوكاریی مرۆیی ئه‌مریكا بچێته ناو ڤێنیزوێلا و مادورۆی به به‌پرسیاری هه‌ژاری له وڵاته‌كه‌ی له‌قه‌ڵه‌م دا.