Abdullah Shukur
31 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2016
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
ئەرکی ئەو کۆمسیۆنەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە سووریا پێکھێنرا بوو، تا ١٨ی تشرینی دووەم درێژ کرایەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی تاوتوێی درێژکردنەوەی ئەرکی کۆمسیۆنی ھاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کۆبووەوە.
ئەو کۆمسیۆنە لە ماوەی یەک ساڵی ئەرکی خۆیدا، زانیاریی لەبارەی سێ رووداوی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن رژێمی ئەسەد و یەکێکیان لە لایەن داعشەوە پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو.
لەمبارەیەوەشەوە سەرۆکی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ڤیرجینیا گامبا رایگەیاند کە ئەوان راپۆرتەکە پشتڕاست دەکەنەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە بەڵگەی تەواویان ھەیە بەوەی کە رژێمی ئەسەد سێ جار چەکی کیمیایی بەکارھێناوە.
بەم پێیەش ئەرکی ئەو کۆمسیۆنە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ١٨ی تشرینی دووەم درێژ کرایەوە.