Muhammet Ali Kemal
01 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ درێژەی هەیە، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پیتەر کووک ئاماژەی ئەوەیدا کە رەنگە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی رەققا دەستپێبکات و گوتی: ''کۆنترۆڵکردنەوەی رەققا لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا دەستپێدەکات''.
پیتەر کووک لەکۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا باسی ئامادەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققای کرد کە لەئێستادا کۆتاییان هاتووە.
کووک ئاشکرایکرد هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا پلانی ئەوەیان هەیە فشاری سەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەهەریەک لە مووسڵ و رەققا زیادبکەن و بۆ ئەمەش ئەگەری هەیە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی رەققا لەماوەیەکی کەمدا دەستپێبکات.
راشیگەیاند: ''پێویستە درێژە بە فشارەکانی سەر داعش بدەین و ئەم دۆخەش دەستکردن بەدابڕینی رەققا لەماوەیەکی کورتدا دەگرێتەوە'' و باسی لەوەکرد سەرەتا شارەکە دادەبڕدرێت، دواتر ژمارەیەک هەنگاوی سەربازیی دەنرێت و لەدوا قۆناغیشدا ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققا دەستپێدەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەکاتی وەڵامدانەوەی پرسیارێک سەبارەت بە رۆڵ یان بەشداریی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی رەققادا، گوتی: ''رۆڵی هەموو وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە تورکیاشەوە، لەرێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە دیاریی دەکرێت''.
پیتەر کووک جەختی لەوەکردەوە کە دیدار و کۆبوونەوەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن درێژەیان هەیە و سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققاش ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمانە هاریکاریی پتەو لەنێوانیاندایە.
- رەنگە لەکاتی ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا ئۆپەراسیۆنی رەققا دەستپێبکات
دوای ئەوەی وەبیری کووک هێنرایەوە کە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ هێشتا درێژەی هەیە، کووک گوتی: ''بەڵێ، ئۆپەراسیۆنی رەققاش لەماوەیەکی کەمدا دەستپێدەکات''، جەختی لەوەشکردەوە بۆ دەستکردن بەئۆپەراسیۆنەکە چاوەڕێی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ ناکرێت''.
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن باسی لەوەکرد ئەو هێزانەی لەگۆڕەپانەکەدان توانای بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققایان هەیە و بێ ئەوەی ژمارەیەک بدرکێنێت، ئاشکرایکرد کە هێزێکی سەربازیی پێویست بۆ ئەو مەبەستە کۆکراوەتەوە.
پیتەر کووک سەبارەت بەئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئاماژەی بەوەکرد هێزە عێراقییەکان کیلۆمەترێکیان ماوە بگەنە شارەکە و تیشکی خستەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە بەشێوەیەکی خێرا بەرەوپێش دەچێت.
هەفتەی رابردووش وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاشتۆن کارتەر ئاماژەی ئەوەی دابوو کە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققا بەزووترین کات دەستپێدەکات.
لای خۆیشییەوە فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سووریا لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییدا، ژەنەراڵ ستیفن تاونسێند باسی لەوەکردبوو چەکدارانی یەپەگە بەتایبەت بەشداردەبن لە پرۆسەی دابڕینی رەققادا.