18 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، محەمەد عەلی حەکیم کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
ئەیمەن سەفەدی رایگەیاند، ئەگەر عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەوە زیانی زۆر بە ناوچەکە دەگات و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە رەوشی ناوچەکە هێور بێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی گوتیشی: "هاتووم بۆ بەغدا تا پاڵپشتی وڵاتەکەمان بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق دووپات بکەمەوە، جگە لەوەش گرنگە پاراستنی ئاسایشی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمیی رەچاو بکرێت".
ئەیمەن سەفەدی ئەوەشی گوت: "سەقامگیری عێراق، سەقامگیری ناوچەکە پتەوتر دەکات، ئەگەر عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەوە زیانی زۆر بە ناوچەکە دەگات".
وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی ئاماژەی بەوەشکرد کە گرنگە سەرجەم لایەنەکان هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و هێورکردنەوەی رەوشەکە بخەنەگەڕ، چونکە هێشتا مەترسییەکانی داعش کۆتاییان نەهاتووە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەکیم رایگەیاند "وڵاتەکەمان نابێتە گۆڕەپانی جەنگی نێوان لایەنەکان و ئێمە لەگەڵ هێورکردنەوەی رەوشی ناوچەکە داین".
محەمەد عەلی حەکیم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانەی کە لەناو خاکی عێراقدا کراونەتەوە سەر چەند ئامانجێک رەتدەکەنەوە و گوتی: "لەئێستادا گرنگە هەوڵەکان بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بخرێنەگەڕ".
بەیانی ئەمڕۆ شەممە وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی بەسەردانێک گەیشتە بەغدا کە چاوەڕان دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەکە بەجیا لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، عادل عەبدولمەهدی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کۆببێتەوە.