Zuhal Demirci
25 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2022
ئیستانبوڵ – AA
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن، لەدوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، پاکێجێکی نوێی سزای راگەیاند کە بانک، کۆمپانیا، دامەزراوە و کەسایەتییە رووسییەکان دەکاتە ئامانج.
بۆریس جۆنسن لە میانی گوتارێکیدا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی بڕیاری سزا نوێکانی سەر رووسیای ئاشکرا کرد و سزاکانی بە "گەورەترین و قورسترین پاکێجی سزا کە رووسیا بینیبێتی" ناوبرد.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "بەھیچ شێوەیەک دەستی سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین لە خوێنی ئۆکراینا پاکنابێتەوە" و پوتینی بە شەرانگێزێکی خوێناوی ناوبرد و باسی لەوە کرد کە لە چاوی جیھان و مێژوودا "تاوانبار" دەبێت.
بۆریس جۆنسن، ئاماژەی بەوە کرد کە سزاکانی بەریتانیا، سەرجەم بانکە گەورەکانی رووسیا، پێنچ کەسایەتی نزیک لە حکوومەت و زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا و کەسایەتی دەکاتە ئامانج.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لە ھەفتەی داھاتووەوە پارەی سەرجەم بانکە گەورەکانی رووسیا بلۆک دەکات و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە "ھەر ئێستا" سەرجەم پارەکانی بانکی (VTB) بلۆک دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راشیگەیاند کە جگە لەوە کۆتایی بە کارەکانی کۆمپانیای فرۆکەوانیی رووسی (Aeroflot) دەھێنن.