Zana Natık Kerem
16 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، ستیفن ھیکی رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەییە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و باشتکردنی رەوشی ئابووری، پاڵپشتی و یارمەتی پێشکەش بە عێراق بکات و ئاماژە بەوەیش دەکات کە حکوومەتی بەریتانیا پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات.
ستیفن ھیکی لە میانی سەردانی بۆ پارێزگای نەجەف باشووری عێراق لە ناوەندی رافیدەین بۆ گفتوگۆ، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "سەرکردەکانی بەریتانیا گرنگی بە عێراق دەدەن و خواستیان ھەیە پەرەی زیاتر بدەن بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات".
راشیگەیاند کە بەریتانیا پاڵپشتی لە عێراق دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و قەیرانی ئابووری تێپەڕێنێت و گوتی: "بەریتانیا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی گەل و حکوومەتی عێراق".
باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، ستیفن ھیکی گەشبینی خۆی بە ئایندەی عێراق لەژێر سایەی حکوومەتی مستەفا کازمی نیشاندا کە ھەوڵدەدات ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە حوەزیرانی ساڵی داھاتوودا ئەنجام بدات و گوتی: "بەریتانیا ئامادەییە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و باشتکردنی رەوشی ئابووری، پاڵپشتی و یارمەتی پێشکەش بە عێراق بکات".
باسی لەوەشکردووە کە حکوومەتی بەریتانیا لەڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات.
ستیفن ھیکی راشیگەیاند کە حکوومەتی بەریتانیا لە دوای کۆتایھێنان بە شەڕی دژبە داعش، سێ ملیۆن پاوەندی وەک پاڵپشتیی مرۆیی پێشکەش بە عێراق کردووە.