Mohammed Hamood Ali Al Ragawi,Gülşen Topçu
07 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2024
ئیستانبوڵ - AA
سندوقی یارمەتی منداڵانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF)، بڵاویکردەوە کە منداڵانی غەززە هەشت مانگە بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کابوسدا دەژین.
بەڕێوەبەری یونسێف لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئادیلی خۆدر لە هەژماری ئێکس باسی لە دۆخی منداڵانی غەززە کرد.
خۆدر ڕایگەیاند: "لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا وێنەی ئەو منداڵانەمان بینی کە لە ناوچە جیاوازەکانی ڕەفەح دەژین. لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی ئیسرائیل بەبێ هیچ ئاگاداریەکی پێشوەختە هێرشێکی تۆقێنەریان کردە سەر ئاوارەکان یان قوتابخانەیەکی سەربە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) لە کەمپی پەنابەرانی نوسەیرات کە تیایدا هاووڵاتیانی مەدەنی نیشتەجێن".
خۆدر باسی لەوە کرد کە لە هێرشەکەی سەر نوسەیراتدا لانی کەم ٣٥ کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکە برینداربوون و، ڕایگەیاند: "هەموو ئەمانە تەنیا لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویانداوە. لە ڕاستییدا منداڵانی غەززە بەهۆی ئەو هێرشانەی هەشت مانگە بەردەوامن و کاولکارییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە لە کابوسدا دەژین".