28 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2019
ههولێر - AA
فەرماندە لە پاسەوانى سنوور، لیوا شێرکۆ زەنگەنە رایگەیاند کە بە هۆى پەکەکەوە زیانێکى گیانى و ماددى زۆر بەر هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان کەوتووە.
لیوا شێرکۆ زەنگەنە لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "بە هۆى جموجۆلەکانى پەکەکە و نزیکبوونەوەیان لە گوندەکانى ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان رۆژانە گوندنشینانى سنوورەکە ماڵ و حاڵى خۆیان جێدەهێڵن و گوندەکانیان چۆڵدەکەن و ئاوارەى شار و شارۆچکە و گوندەکانى دوور لە پەکەکە دەبن، ئەمەیش بۆ هەموو لایەکمان مایەى نیگەرانییە".
فەرماندە لە پاسەوانى سنوور، لیوا شێرکۆ زەنگەنە لەبارەى ژمارەى ئەو گوندانەى بە هۆى پەکەکەوە چۆڵبوون ئاشکراى دەکات کە تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ گوند بە هۆى پەکەکەوە چۆڵکراون و ئاوارەبوونى گوندنشینەکانى ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان رۆژانە بەردەوامى هەیە و گوتى:
"هەرجارێک بنکە و بارەگاکانى پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان بۆردومان دەکرێت، پەکەکە زیاتر خۆى لە گوندە سنوورییەکان نزیک دەکاتەوە و بە هۆیەوە خەڵکى زیاتر ئاوارە دەبن، لەگەڵ هەر بۆردومانێک ئێمە سەرووى خۆمان کە حکوومەت و سوپاى عێراقە لە دوایین پێشهات ئاگادار دەکەینەوە و تەواوى وردەکارییەکان بۆیان دەخەینەڕوو".
لیوا شێرکۆ زەنگەنە ئاماژەى بەوەدا کە بە هۆکارى بوونى پەکەکە ساڵانە زیانێکى گەورە کە بە ملیارەها دۆلار مەزندە دەکرێت بەر بەربوومى جووتیارانى هەرێمى کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان دەکەوێت.
فەرماندە لە پاسەوانى سنوور، لیوا شێرکۆ زەنگەنە سەربە حکوومەتى عێراق دەشڵێت "هەرێمى کوردستان شوێنى پەکەکە نییە و ناکرێت بۆ بەرژەوەندى و ئامانجە سیاسییەکانى خۆیان زیان بە هەرێمى کوردستان بگەیەنن و بەوجۆرە دەست لە ژیانى هاووڵاتییان وەربدەن و خەڵک بێزار بکەن".