Kaan Bozdoğan
07 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2022
بێلگراد – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە رێوڕەسمێکی فەرمی لەلایەن سەرکۆماری سربیا، ئەلێکساندر ڤوجیج'ەوە پێشوازی لێ کرا.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی گەشتەکەیدا بۆ بەلقان، گەیشتە سربیا و لەلایەن سەرکۆماری ئەو وڵاتە، ئەلێکساندر ڤوجیج'ەوە بە رێوڕەسمێکی فەرمی پێشوازی لێ کرا.
لە میانی رێوڕەسمەکەدا، مارشی نیشتمانیی هەردوو وڵات لێ درا و حەوت گولـلە تۆپ تەقێندران.
ئەردۆغان و ڤوجیج سڵاویان لە سەربازانی ریزگرتوو کرد، تۆقەیان کرد و وێنەیان گیرا، دواتر هەردوولا شاندەکانیان بەیەکتر ناساند.

هەردوولا بە مەبەستی کۆبوونەوەی دووقۆڵی و کۆبوونەوەی شاندەکان، چوونە کۆشکی کۆماریی.
وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو؛ وەزیری ناوخۆ، سولەیمان سۆیڵو و وەزیری بەرگریی، خولوسی ئاکار لەنێو ئەو شاندەدان کە یاوەری ئەردۆغان دەکەن.
دوای کۆبوونەوەکان ئەردۆغان و ڤوجیج بەشداری لە رێوڕەسمی واژووکردنی رێککەوتننامەی هەماهەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا دەکەن و دواتریش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان بۆ دەبەسترێت.
لەسەر شەرەفی سەرکۆمار ئەردۆغان کە بەشداری لە کۆڕبەندی کاری هەردوو وڵاتدا دەکات، ڤوجیج خوانی فەرمیی نیوەڕۆ پێشکەش دەکات.
دوا وێستگەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەو وڵاتە بۆ تاوەری بێلگراد دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ بەرەو کرواتیا بەڕێ بکەوێت.