Ahmed Gouda,Hamdi Yıldız
16 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2023
غەززە - AA
بە درێژایی شەو سوپای ئیسرائیل بەردەوام بوو لەسەر بۆردومانکردنی ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە.
شایەتحاڵان باسیان لەوەش کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئەو تیمانەشیان کردە ئامانج کە فریای لێقەوماوان دەکەوتن.
بە هۆی بۆردومانی تیمەکانی فریاکەوتن و تەندروستی لە لایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە، کوژراو و بریندار هەیە.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەکانی غەززە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند کە، لە ناوچەی کزان سەر بە شاری خان یونس، دایکێک بە هۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە گیانی لەدەستداوە و شەش منداڵیشی بریندار بوون.
سەرچاوەکانی ناوخۆیی ڕاشیانگەیاندووە کە فڕۆکەکانی ئیسرائیلی ناوچەکانی سەجادیە و زەیتوون'یان لە ڕۆژهەڵاتی غەززە کردووەتە ئامانج و بۆردومانێکی چڕی ناوچەکەیان کردووە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ڕایگەیاند کە، زیاتر ڕێگە سەرەکییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.
- پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین
بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەم، لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس لە كەرتی غەززەی گەمارۆدراو، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گەردەلوولی ئەقسا" دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند و لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە ناوی جەنگی "شمشێری پۆڵایین" بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی سەربازیی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانە ڕاگەیاند، کە لە كەرتی غەززەی گەماڕۆدراوەوە ئاراستەی دەکرێت.
بە هۆی ئەو هێرشانەی لە غەززەوە دەکرێتە سەر ئیسرائیل تا ئێستا هەزار و ٣٠٠ ئیسرائیلی کوژراون و سێ هەزار و ٤٣٦ کەسیش بریندار بوون.
هاوکات وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە کە بە هۆی پێکدادانەکانەوە دوو هەزار و ٦٧٠ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و نۆ هەزار و ٦٠٠ کەسیش بریندارن و هەروەها بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیلییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا ٥٦ فەڵەستینی کوژراون و ٦١٩ کەسیشی بریندار بوون.
بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل هەروەها لە کەرتی غەززە نۆ و لە لوبنان یەک ڕۆژنامەنووس کوژراون.