Raşa Evrensel
23 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2022
ئێستانبوڵ - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن داوای لە سەرجەم لایەنەکانی یەمەن کرد کە پابەندبن بە "چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماتیی" بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەو وڵاتەدا.
ئانتۆنی بڵینکن، گوتی: "زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە یەمەن کە لەم رۆژانەی دواییدا زیاتر لە ١٠٠ قوربانی لێکەوتەوە، مایەی نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ ئەمریکا".
رۆژی هەینی، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە یەمەن رایگەیاند، لە ئاکامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆسەر بەندیخانەیەک لە شاری سەعدە باکووری یەمەن ئەنجامیدا، زیاتر لە ١٠٠ بەندکراو کوژران و برینداربوون.
ئانتۆنی بڵینکن لە راگەیەندراوێکدا کە درەنگانی رۆژی هەینی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، جەختی لەسەر پێویستی "رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی ئاڵۆزیی و هێرشەکان لە سەرانسەری یەمەندا" کردووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردووەتەوە کە واشنتۆن داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە پابەندبن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە و دیپلۆماتیی بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان.
ئانتۆنی بڵینکن گوتیشی: "زۆربوونی شەڕ قەیرانێکی سەختی مرۆیی و نەهامەتییەکانی خەڵکی یەمەن خراپتر دەکات، بۆیە داوا لە لایەنە ناکۆکەکان دەکەین پابەندبن بە پابەندییەکانیان بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی و بە تەواوی بەشداربن لە پرۆسەی ئاشتیی گشتگیر بە رابەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان".
لە ماوەکانی ئەم دواییەدا یەمەن رووبەڕووی شەپۆلێک لە هەڵکشانی سەربازیی لە نێوان هێزەکانی حکوومەت و هاوپەیمانی عەرەبی لەلایەک و حووسییەکان لە لایەکی دیکەوە، بووەتەوە.