Nuran Erkul Kaya
02 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2021
گلاسکۆ - AA
لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا، زیاتر لە ١٠٠ سەرکردەی جیھان بەڵێنیان دا تا ساڵی ٢٠٣٠ لەناوچوونی دارستانەکان راگرن و بە بڕی ١٢ ملیار دۆلار پشتیوانی دارایی بۆ کەرتی گشتیی و ٧،٢ ملیار دۆلار بۆ کەرتی تایبەت دابین بکەن.
لە ٢٦مین کۆنفرانسی لایەنەکانی پەیماننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گۆڕانی ئاووھەوا، زیاتر لە ١٠٠ سەرکردەی جیھان "بەیاننامەی سەرکردەکان لەبارەی دارستانەکان و بەکارھێنانی زەویەکان" واژوو کرد.
لە چوارچێوەی بەیاننامەکەدا، سەرکردەکان بەڵێنیان دا تا ساڵی ٢٠٣٠ لە ناوچوونی دارستانەکان و تێکچوونی زەویەکانی راگرن و کار بکەن بۆ چاککردنیان، ھەروەھا بەڵێنیان دا بڕی ١٢ ملیار دۆلار پشتیوانی دارایی بۆ کەرتی گشتیی و ٧،٢ ملیار دۆلار بۆ کەرتی تایبەت بۆ ئەو ئامانجە دابین بکەن.
لە بەیاننامەکەدا بەڵێندراوە بۆ پاراستنی دارستانەکان و ئیکۆسیستمەکانی دیکەی زەوی و خێراکردنی بوژاندنەوەیان، برەودان بەگەشەپێدانی بەردەوام و جێبەجێکردنی سیاسەتی بازرگانی نەتەوەیی، بەرەوپێشبردن و زیادکردنی سەرچاوەکانی بژێوی لە گوندەوارەکان، داڕشتنی ئەو سیاسەتانەی ھانی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک دەدەن، دابینکردنی پشتیوانی بۆ کۆمەڵگای ناوخۆیی و ئاسانکاری بۆ گونجاندنی پشتیوانی دارایی لەگەڵ ئامانجە نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆکی بەرنامەکانی دارستانی جیھان لە دامەزراوەی پاراستنی ژیانی سروشتیی، فرانس پرایس لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە بەیاننامەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە دەستبەجێ ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکرێن کە دراون و گوتی: "دارستانەکان خزمەتێکی گرنگی ژینگەیی دابین دەکەن بۆ مرۆڤ، ئابووریی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیی، بەڵام بەداخەوە لە ناوچوونی دارستانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەردەوامە".
فرانس پرایس باسی لەوە کرد کە پێویستە حکوومەتەکان تاو بە ھەوڵەکانیان بدەن بۆ باشکردنی بەڕێوەبردنی زەوی و دارستانەکان و رایگەیاند "کار دەکەین بۆ ئەوەی حکوومەتەکان بە تەواوی بەڵێنەکان بەرنەسەر و کاری لەسەر بکەن. کاتمان نییە لە دەستی بدەین. جێبەجێکردنی ئەوەش کلیلی بەدەستھێنانی ئەنجامەکەیە کە ئایندەیەکی باش بۆ سروشت دەستەبەر دەکات".