Rewa Mahmood Hasan
11 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ لەژێر ناوی (مانەوە و پاراستنی دارستانەکان، لە دابینکردنی"نەوت و کارەبا" گرنگترن) رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە گردبوونەوەیەکی لە سلێمانی ئەنجامدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی کانوونی یەکەم، رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە لە پارکی نالی سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرامبەر برین، سوتان، لەناوچوونی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و دارستانەکانی پێنجوێن وەک نمونە، رێکخست.
لە گردبوونەوەکەدا لەپاڵ ئەوەی ئامار و داتای سووتان و بڕینی دارستانەکان بە بەڵگە و دۆکیومێنت خرانەڕوو،هاوکات ڕێکاری و چارەسەرەکانیش باسی لێوەکرا و چەندین دروشمیش بەرزکرانەوە بە ئاراستەی هەوڵدان بۆ پاراستنی دارستانەکان لە سوتان و لەناوچوون.
بەشێک لە بەشداربوانی گردبوونەوەکە کاتژمێر ١١:٣٠ی بەیانی لە پێنجوێنەوە دەرچووبوون بۆ ناو شاری سلێمانی و کاتژمێر٢ی پاش نیوەڕۆ لەبەردەم پارکی نالی کۆبوونەوە.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆکی رێکخراوی ملەکەوە، رێبوار کەمال ئاماژەی بەوەدا ماوەی ٥ ساڵە رێکخراوەکەیان هەوڵی جدی دەدات لەپێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان، چەندین جار یاداشتیان داوەتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی کارکردن لەسەر پاراستنی ژینگە و دارستانەکان، کە دوایین جار لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ بووە.
رێبوار ئاماژە بەوەی بەوەش کرد کە ئەو رێوشوێنانەی لە هەرێم دەگیرێنە بەر بۆ پاراستنی دارستانەکان وەک پێویست نییە، ئەمەشی بەمەترسی زانی بۆ داهاتووی داراستان و ژینگە و سەوزایی لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی رێکخراوی ملەکەوە ئاماژە بە ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و زانکۆی زاخۆ کرد، کە پێشتر رایانگەیاندووە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا لەسەدا ٥٠ ی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لەناوچوون و ئەمەشی بە زەنگێکی زۆر مەترسیدار لەقەڵەم دا و گوتی،" بەشی زۆربەی ئەو زیانانەی بەر دارستانەکان کەوتووە لە ٥ ساڵی رابردوودا بووە، ئەویش بەهۆکاری سووتانەوە بووە، بەشێکی تریشیان بەهۆی تێکدانی دارستانەکان بووە بەمەبەستی گۆڕینی دارستانەکان بۆ زەویوزاری کشتوکاڵی، یان بۆ مەبەستی تایبەتی وەک دروست کردنی ڤێلا و سیتیەکان."
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە تائێستا لەسەر ئاستی حکوومەت وەک پێویست نەتوانراوە دارستانەکان بپارێزرێت، تەنیا پۆلیسی دارستان هەیە ئەویش کەلوپەلی پێویستیان نییەو یارمەتی نادرێن.
رێبوار باسی ئەوەشی کرد کە کاری ئەوان ئەوەیە حکوومەت ئاگادار بکەنەوە لە لەناوچوونی دارستانەکان لەرێگەی ئەم جۆرە چالاکیانەوە.