Dildar Baykan Atalay
17 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2022
واشنتۆن
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند، ئەگەری ھەیە رووسیا لە رۆژانی داھاتوودا ئۆکراینا داگیر بکات بەڵام ھێشتا چارەسەری دیپلۆماتیی لە ئارادایە.
جۆ بایدن بەر لە سەردانەکەی بۆ ویلایەتی ئۆھایۆ، لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
بایدن ئهگهری مەترسیی داگیرکردنی ئۆکراینای لەلایەن رووسیاوە بە "زۆر بەرز" ناوبرد و رایگەیاند، ئەگەری ھەیە رووسیا ئۆپەراسیۆنێکی ھەڵخەڵەتێنەر ئەنجامبدات.
سهرۆكی ئهمریكا رایگهیاند: "رووسیا ھێشتا ھیچ سەربازێکی لە ناوچەکە نەکشاندووەتەوە، بەپێچەوانەوە سەربازی زیاتری ناردووە. ھۆکارمان ھەیە بۆ ئەوەی بڕوا بەوە بکەین کە رووسەکان ئامادەکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی ھەڵخەڵەتێنەر دەکەن. لە ئێستادا سەرجەم ئاماژەکانی بەردەستمان، ئەوە دەگەیهنن کە رووسیا ئۆکراینا داگیر دەکات".
لە وەڵامی پرسیاری "پێتان وایە کە رووسیا ئۆکراینا داگیر دەکات؟" جۆ بایدن رایگهیاند: "بەڵێ، بەڵام لە ئێستادا نا، لە رۆژانی داھاتوودا".
بایدن لە وەڵامی پرسیاری ئەگەرەکانی بوون یان نەبوونی چارەسەری دیپلۆماتیی، گوتی: "بەڵێ چارەسەری دیپلۆماتیی ھەیە".
سهرۆكی ئهمریكا ئاماژەی بەوەش کرد کە ھێشتا وەڵامی ئەو نامەیەی کە بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤیلادیمیر پوتین-ی ناردووە پێنەگەیشتووە و ئەو وەڵامەی نەخوێندووەتەوە کە لە رووسیاوە ھاتووە.
جۆ بایدن لە وەڵامی پرسیاری "ئایا پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ سهرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجام دەدات یان نا؟"، گوتی: "نەخێر پەیوەندیی پێوە ناکەم، پلانی پەیوەندیی کردنم بە پوتینهوه نییە".