Betül Yürük
18 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2022
نەتەوەیەکگرتووەکان-AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن رایگەیاند، ئەگەری ھەیە رووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا، ھێرشی تیرۆریستیی ساختە، ھێرشی کیمیاویی یان ھێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر مەدەنییەکان درووست بکات و ئەمەش وەکو بیانوو نیشانبدات.
ئانتۆنی بڵینکن لە میانی گوتارێکیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سهر به نهتهوهیهكگرتووهكان، رایگەیاند رەفتاری شەڕانگێزیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا ھەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش دەکات.
بڵینکن ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا ئامادەکاریی بۆ ئەوە دەکات لە رۆژانی داھاتوودا ھێرش بکاتە سەر ئۆکراینا و گوتی: "رووسیا پلان بۆ درووستکردنی بیانوویەک بۆ ھێرشکردن دادهنێت. ئەگەری ھەیە رووسیا، حکوومەتی ئۆکراینا بە ئەنجامدانی رووداوێکی توندوتیژی تۆمەتبار بکات... ئەمە ئەگەری ھەیە ھەڕەشەیەکی تیرۆریستیی ساختەبێت لەدژی رووسیا. ئەگەریشی ھەیە ھەڕەشەیەکی درووستکراوبێت لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان ھێرشێکی ساختە تەنانەت راستەقینەی کیمیاویی دەبێت. دەکرێت رووسیا ئەمانە بە پاکتاوی نەژادی یان جینۆساید بناسێنێت".
ئەوەشی خستەڕوو کە دەکرێت رووسیا لەکاتی ھێرشکردنە سەر ئۆکراینا، مووشەک و بۆمب بەکاربھێنێت و ھێرشی سایبەری ئەنجامبدات و گوتی: "زانیارییمان لەسەر ئەوە پێگەیشتووە کە دەکرێت رووسیا گرووپی دیاریکراوی ئۆکراینی بکاتە ئامانج".
ئانتۆنی بڵینکن، داوای لە رووسیا کرد رێگای دیپلۆماتی ھەڵبژێرێت و گوتی: "من نەک بۆ دەستپێکردنی شەڕ، بەڵکو بۆ رێگەگرتن لە شەڕ لێرەم".