Yıldız Nevin Gündoğmuş
17 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2022
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکرای کرد هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ زیاتر لە ئاک پارتی و خودی خۆی، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ گەل و وڵات.
رهجهب تهیب ئەردۆغان لە میانی ١٥٢ههمین کۆبوونەوەی بەرپرسی لقەکانی ئاک پارتی، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە گرنگی یەکێتیی و یەکڕیزی کرد.
ئهردۆغان گوتی: "ئەم یەکێتیی و یەکڕیزییە تا هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ رۆژبەرۆژ لە زیادبووندا دەبێت، پێویستە ئەوەش لەبیرنەکرێت کە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ زیاتر لە ئاک پارتی و خودی ئێمە، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ گەل و وڵات".
سەرکۆماری تورکیا داواشی لە سەرۆکی شارەوانییەکانی ئاک پارتی کرد، رێژەی باج کەم بکەنەوە، گوتیشی: "پێویستە باج بۆ نزمترین رێژە کەم بکرێتەوە، ئەوانەی بۆیان دەگونجێت تا دەتوانن باج کەم بکەنەوە و بەو شێوەیە بەرەنگاریی هەڵئاوسان ببنەوە".
رهجهب تهیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد کە کەسانێک هەن رەوشی ئێستایان قۆستووەتەوە و رایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک لەو کەسە چاوبرسی و قۆرخکارانە خۆش نابین کە سوودیان لە کێشەی ناهاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە بۆ ستەمکردن لە گەلەکەمان، یەک یەک لێپرسینەوە لەگەڵ هەموویاندا دەکەین".
ئهردۆغان ئاماژەی بە کۆبوونەوەی سەرۆکی شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆن کرد و گوتی: "ئاشکرایە لە کۆبوونەوەی شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئەو مێزە خڕە، گفتوگۆ لەسەر چی کراوە. دەی بڵاوی بکەنەوە بزانم دەتوانن تا کوێ بڵاوی بکەنەوە. ئەو مێزە هیچ بەرهەمێکی نابێت".
باسی لەوەش کرد کە هەدەپە بەشداریی کۆبوونەوەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی نەکردووە و رایگەیاند: "لەوە دەچێت لەبیرتان چووبێت، باشە بۆچی هەدەپەتان نەخستووەتە نێوان خۆتانەوە؟ با ئەویش بەشداریی بکات لەگەڵتاندا".