Ramal Mahmood
10 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2016
جەرابلوس کە یەکەم شارۆچکەیە لە میانەی ئۆپەرسیۆنی قەڵغانی فورات لە رێکخراوی تیرۆرستی داعش پاککراوەتەوە، بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان بازاڕەکەی جمەی دێت.
ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لەلایەن تیمەکانی هێزی تایبەت و هێزە چەکدارەکانی تورکیا و بە پشتیوانی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر دەستی پێ کردووە، وەک یەکەم شارۆچکە جەرابلوسی ئازاد کرد. ژیانی ئاسایی لە شارۆچکەکە دەستی پێ کردۆتەوە.
دوای کۆنتڕۆڵکردنی جەرابلوس لەلایەن سوپای سووریای ئازادەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان جموجۆڵ کەوتە بازاڕ و کۆڵانەکان.
فرۆشیارە گەڕۆکەکان شەو و رۆژ لە شەقامی شەهیدان کە قەرەبالغترین شەقامی شارۆچکەکەیە خەریکی فرۆشتنی بەرهەمەکانیانن، هاووڵاتییانیش بە تایبەت ژنان و منداڵان خەریکی کڕینی جلوبەرگن.
پیاوان زیاتر خەریکی کڕینی خواردن و پێداویستییەکانی ماڵەوەن لە فرۆشگا و سەوزەفرۆشەکان، ژنان و منداڵانیش زیاتر جلوبەرگ دەکڕن بۆ جەژن. گوندنشینانیش زیاتر بۆ ئەوە روو دەکەنە شارۆچکەکە تاکو بچنە سەرتاشخانە و خواردن و نان بۆ ماڵەوە بکڕن و بگەڕێنەوە گوندەکانیان.
منداڵان بە پارەی رۆژانەی خۆیان ساردەمەنی و دۆندرمە دەکڕن و لەگەڵ هاوڕێکانیان لە کۆڵانەکان یاری دەکەن.
هاووڵاتییان کە ریزیان بەستووە بۆ کڕینی نان، دوای دوو ساڵ و شەش مانگ لە گوشارەکانی داعش، ئازادانە بە شارۆچکەکەیاندا هاتوچۆ دەکەن و شت دەکڕن.
- فرۆشیاران دلخۆشن
فرۆشیاری گەڕۆک، موحەممەد عادل کە جلی منداڵان دەفرۆشێت بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، خۆشحاڵە بەوەی دوای ماوەیەکی زۆر توانی دەست بکاتەوە بە کارەکەی، باسی لەوەش کرد کە رەوشی ئابووری هاووڵاتییان زۆر باش نییە و ناتوانن بەپێی پێویستییەکانیان شت بکڕن و گوتی: "خەڵک لێرە خەریکی کڕینی شتومەکە بۆ جەژن. بەڵام ژمارەیەک هاووڵاتی ناچارن جل بکڕن بەهۆی سووتاندنی ماڵ و حاڵیان لەلایەن داعشەوە. یەپەگە رێگە نادات لە منبج جل بکڕین. بۆیە ئێستا جلوبەرگ لە عەزازەوە بێنین. عەزاز لە ئێمەوە دوورە و لەوێ جلوبەرگیش کەمە بۆیە تاکو دەگاتە ئێرە زۆرمان لەسەر دەوەستێت و نرخی گرانە. بەڵام بەهۆی پێویستییان هاووڵاتییان ناچارن بیکڕن. بەڕاستی هاووڵاتییان زۆر دڵخۆشن، سوپاس بۆ خوا".
فرۆشیار، ناسر خدر دڵخۆشی خۆی بەو بازاڕگەرمییە دەربڕی و گوتی: "زۆر سوپاس بۆ خوا، کاروبار لە جاران باشترە. خەڵکی بۆ جەژن دێنە بازاڕ و شت دەکڕن".
هاووڵاتی، مستەفا حەسەن تەمەن ٤١ ساڵ، ئاماژەی بەوە دا کە بۆ کڕینی جلوبەرگ کچەکانی هێناوەتە بازاڕ و گوتی: "سێ کچم هەیە، هاتووم جلیان بۆ بکڕم، بەڵام جلوبەرگەکان نرخیان گرانە. ئەو جلانەی جەژنی رابردوو لە عەزار بۆم کڕیبوون با هەر ئەوان لەبەر بکەن. کچە بچووکەکەم وەک دیاری جەژن داوای جانتای کردبوو، بۆ دڵخۆشکردنی جانتایەکی بۆ دەکڕم".