Sangar Hamad Azeez
26 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2016
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاند، تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا گورزێکی کوشندەی لە داعش وەشاندووە.
لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا گوتەبێژی پێنتاگۆن، پیتەر کوک باسی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆسەر چەکدارانی داعش لە باکووری سووریا کە لەژێر ناوی قەڵغانی فورات ئەنجامدەدرێت، کرد.
کوک تیشکی خستە سەر ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە پاڵپشتی سوپای تورکیا ئەنجام دەدرێت و گوتی: " تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات دا گورزێکی کوشندەی لە داعش وەشاندووە".
گوتەبێژی پێنتاگۆن، جەختیکردەوە لەوەی کە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات بەردەوام دەبێت و گوتی: "هاوپەیمانان تەنیا لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە پاڵپشتی لە ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن".
ناوبراو گوتی: "دوای منبج توانرا داعش لە شاری جەرابلوسیش وەدەربنرێت، ئەوەیش گورزێکی کوشندەیە کە لە داعش وەشێنراوە، بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کۆنترۆلکردنەوەی جەرابلوس هەنگاوێکی گرنگ بوو".
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی پەیەدە و یەپەگە بۆ رۆژهەڵاتی فورات کوک گوتی: "بۆ رزگارکردنی منبج هەروەک چاوەڕوان دەکرا بەشێک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرەو رۆژهەڵاتی فورات کشانەوە و بەشێک بۆ بەرگرتن لەو داعشانەی کە دەیانەوێت دزە بکەنە ناوچەکە و بۆمب دابنێنەوە، ماونەتەوە".
گوتەبێژی پێنتاگۆن جەختیکردەوە لەوەی کە دوای ئۆپەراسیۆنەکان یەپەگە بەرەو رۆژهەڵاتی فورات دەکشێتەوە.