Abdullah Shukur
16 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2016
عەنتاب
لەگەڵ ئازادکردنی شارۆچکەی جەرابلوسی سووریا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات، ژمارەی ئەو کەسانەی کە گەڕاونەتەوە شارۆچکەکە لە زیادبووندایە و بەم پێیەش رێوشوێنی ئەمنی زیاتر دەگیرێتەبەر.
ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات لەلاایەن سوپای تورکیا و بە هەماهەنگی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەمەبەستی لەناوبردنی تیرۆریستان بەردەوامە.
لەم چوارچێوەیش شارۆچکەی جەرابلوسی سووریا لە ھەنگاوی یەکەم لە دەستی تیرۆریستان رزگار کرا و ھاووڵاتیانی سووریاش دەگەڕێنەوە ناوچە ئازادکراوەکانی خۆیان.
ھاوکات لە سەردەمی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تەنھا سێ ھەزار و ٥٠٠ کەس لە شارۆچکەی جەرابلوس مابوونەوە و لە ئێستا ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی ٢٦ ھەزار کەس.
بەم پێیەش رێوشوێنی ئەمنی زیاتر دەگیرێتەبەر بە جۆرێک کە ھێزەکانی سوپای سووریای ئازاد خاڵی پشکنینیان لە ناوچەی نێوان عەزاز و منبج داناوە و گشت ئەو ئۆتۆمبێڵانە دەپشکنن کە بەناوچەکەدا تێپەر دەبن.
لە لایەکی دیکەش بەرپرسی دەرگای سنووریی کارکامش و یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای سووریای ئازاد، عەبدولناسر جەلال بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە رێوشوێنی ئەمنی توندیان لە شارۆچکەی جەرابلوس گرتووەتەبەر. ناوبراو گوتیشی: "ئامانجی یەکەممان پاککردنەوەی جەرابلوس بوو لە دەستی تیرۆریستان. سوپای تورکیا ھاوکاری ئێمەی کرد. زۆر سوپاسی ئەوان دەکەین و ئێستاش دۆخەکە زۆر باشە. لە شارۆچکەی جەرابلوس ژیان ئاسایی بووەتەوە و کارەبا و ئاوی لێیە. لەمبارەیەوە سوپاسی تورکیا دەکەین. شەڕ کۆتایی ھاتوو و تیرۆریستانیش لەناوبران. خەڵک زۆر ئاسوودەیە. ھەڵسەنگاندن بۆ گشت ئەگەرەکان دەکەین و ھەرگیز بواری ئاسایش فەرامۆش ناکەین".