Cüneyt Karadağ
24 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2021
بەرلین - AA
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هێیکۆ ماس رایگەیاند کە لەگەڵ تورکیا و ئەمریکا گفتوگۆیان کردووە بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی گواستنەوەی سەربازیی و چالاکی گەشتی ئاسمانیی مەدەنی فڕۆکەخانەی کابول.
هێیکۆ ماس لە لێدوانێکیدا لە بەرلینی پایتەخت، ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامی چالاکییەکانی فڕۆکەخانەی کابول کرد لە دوای کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ٣١ی ئابدا و گوتی: ''لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئەمریکا، تورکیاو وڵاتانی دیکە لەبارەی بەردەوامی چالاکییەکان لە فڕۆکەخانەی کابول. لە هەمان کاتدا ئەو بابەتە گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان بە پێویستی دەزانێت لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا''.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لەوە کرد کە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی پاکستان، هیندستان، تاجیکستان و ئۆزبەکسان گفتوگۆی کردووە و رایگەیاند ''بەخێراتر و ئاسانتر ڤیزە دەدەین بەو کارمەندە ناوخۆییانەی دەچنە ئەو وڵاتانە. مافی پەنابەرێتی دەدەین بە هەموو ئەو کارمەندانەی لە لیستەکانماندا هەن و ئەو کەسانەی دیکە کە لەژێر مەترسیدان''.
هێیکۆ ماس هەروەها باسی لەوە کرد کە توانای پێدانی ڤیزە لە ئیسلام ئاباد، نیودەلهی و تاشکەنت بەرزدەکەنەوە.