Cüneyt Karadağ
27 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2020
بەرلین - AA
بەگوێرەی یاسایەک کە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا پەسەند کرا، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢وە، بەکارهێنانی زەرفی پلاستیک لەو وڵاتە قەدەغە دەکرێت.
لەو بارەیەوە وەزیری ژینگەی ئەڵمانیا، سڤێنیا شوڵتزە ئاشکرای کرد، زەمیلەی بازاڕکردن و زەرفی قوماش دەبنە جێگرەوەیەکی باشی زەرفی پلاستیک.
لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی پاراستنی ژیانی سروشتی، باس لەوە دەکات کە قەدەغە کردنی بەکارهێنانی زەرفی پلاستیکی مانایەکی رەمزی هەیە.
رێکخراوەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو کە زەرفی پلاستیک تەنها لە سەدا یەکی بەکارهێنانی پلاستیک لە ئەڵمانیا دەگرێتەوە، داواشی کردوە لە سەرجەم کەرتەکاندا بەکارهێنانی پلاستیک کەم بکرێتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥دا نرخی زەرفی پلاستیکی لە ئەڵمانیا زیاد کرا، بە ڕێژەی سەدا ٦٤ بەکارهێنانی زەرفی پلاستیکی لەو وڵاتە کەمی کرد.
بەگوێرەی ئامارەکان، هەر هاووڵاتییەکی ئەڵمانی لە ساڵێکدا تێکڕا ٢٤ زەرفی پلاستیکی بەکاردێنێت، پلاستیک لە ئاودا بە ماوەی ٤٠٠ ساڵ و لە خاکدا بە ماوەی ٨٠٠ ساڵ لەناودەچێت.