Mazın Asad,Abdullah Shukur
18 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2018
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، ئەریک پاھۆن لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی دامەزراندنی "ھێزی ئاسایشی سنوور" لە سووریا، رایگەیاند بەمەبەستی گۆڕینی ھێزەکانی سووریای دیموکرات کە درێژکراوەی پەیەدە/پەکەکەیە لە ھێزی شەڕکەرەوە بۆ "ھێزی دەستەبەرکردنی سەقامگیری" و "ھێزی کۆنترۆڵکردنی ناوچەیی"، مەشقیان بەو ھێزە کردووە.
ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەفتەی رابردوودا راگەیاندنی "ھێزی ئاسایشی سنوور"ی ئاشکرا کرد کە ژمارەکەی نزیکەی ٣٠ کەس دەبێت و بە سەرکردایەتی ھێزەکانی سووریای دیموکرات کە (درێژکراوەی پەیەدە/پەکەکە) دەبێت و بۆ ئەو مەبەستە مەشقیان پێدەکرێت. ئەمە روونکردنەوەیە لەگەڵ روونکردنەوەکانی پنتاگۆن و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن مشتومڕی بەدوای خۆیدا ھێنایە ئاراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، ئەریک پاھۆن لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو بە ئاماژەکردن بە روونکرنەوەی پنتاگۆن، پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئەمریکا وازی لە مەشق و راھێنانی بە ھێزەکانی پەیەدە/پەکەکە لە سووریا ھێناوە یاخود تەنھا ناوی "ھێزی ئاسایشی سنوور"ی گۆڕیوە کە مەشقیان پێکراوە؟
پاھۆن ئاماژەی بەوە دا کە مەشق و راھێنان بۆ دەستبەرکردنی ئاسایش لە لایەن ئەو کەسانەی بۆ زێدی خۆیان لە سووریا گەڕاونەتەوە جێگەی باسە و گوتیشی: "ئەو مەشق و راھێنانەی بە ھێزە ئەمنییە خۆجییەکانی سووریا درا، بە ھەڵە لێکدراوەتەوە".
گوتەبێژی پنتاگۆن گوتیشی: "ئەمە(مەشق و راھێنان) لە ھەمان کاتدا ئامانجی رێگریکردن لە ھەڵاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ دەرەوە لەخۆ دەگرێت کە لەکاتێکدا کۆتایی داعش ھاتووە. ھەروەک وەک سوپایەک باسی لێوە دەکرێت ئەمە ھێزی ئاسایشی سنوور نییە".
پاھۆن لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە مەشق و راھێنانەکە بەردەوامی ھەیە، بەڵام ئاماژەی بەھیچ ژمارەیەک لەوبارەیەوە نەدا و وەڵامی پرسیارێکیشی بە تەواوی نەدایەوە کە لەبارەی روونکردنەوەکانی خۆی کە "ئایا قسەکانت پێچەوانەی روونکردنەوەی رێکس تیلەرسن و گوتەبێژی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، رایان دیلۆن نییە؟".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە کە ئایا دەتوانن ئەو ھێزە وەک ھێزی پۆلیس پێناسە بکەن، پاھۆن گوتی: "نامەوێت وەک ھێزی پۆلیس ناوزەندی بکەم، بەڵام ئەمە وەک جۆرێک لە ھێزی ئاسایش یان ھێزی سەقامگیری یاخود ھێزی کۆنترۆڵکردنی ناوچەییە".
پاھۆن بەرگری لەوەشکرد کە ئەوان مەبەسییان لە "ھێزی کۆنترۆڵی ناوچەیی" کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی فراوان نییە و ئەرکی ئەو ھێزەشی وەک پاراستنی ناوچەیەکی بچووک ناوبرد.
ئەو گوتەبێژەی پنتاگۆن راشیگەیاند کە " داعش کۆتایی پێ دێت و جەخت لەسەر ھەنگاوی داھاتوو دەکەینەوە. راھێنانیان پێ دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری. دەستمان بە کارەکان کردووە بەڵام تا ئێستا شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامە. ئەمە کاری گۆڕینی ھێزی شەڕکەرەوە بۆ "ھێزی دەستەبەرکردنی سەقامگیری" و "ھێزی کۆنترۆڵکردنی ناوچەیی".
پاھۆن بانگەشەی ئەوەشی کرد کە گشت ھەوڵەکانیان رێگریکردنە لە گەڕانەوەی داعش بۆ ئەو شوێنانەی کە لێی دەرکراوە و لەبارەی ئەو ھێزانەش رایگەیاند کە ئەمریکا لە نیگەرانییەکانی تورکیا لەمبارەیەوە تێدەگات.
پێشتر پنتاگۆن بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە دامەزراندنی "سوپای ئاسایشی سنوور" لە چەکدارانی سوپای سووریای دیموکرات کە درێژکراوەی پەیەدە/پەکەکەن لە سووریا ، بە مانای پێکهێنانی"سوپایەکی نوێ" نایەت.
پنتاگۆن لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستبووەڕوو کە "ئەمریکا بەردەوامە لە راھێنانی بە ھێزە خۆجێیەکانی سووریا. راھێنانەکە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی سەقامگیری و گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ ناوچەکە. ئەمەش گرنگە بۆ ئەوەی رێگری لە داعش بکرێت کە جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە ناوچە رزگارکراوەکان. ئەمە "سوپایەکی نوێ نییە".
لەلایەکی دیکەش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن لەبارەی پێکھێنانی "یەکینەکانی پاراستنی سنوور لە باکووری سووریا" گوتبووی "روونکردنەوەیەک قەرزداری تورکیاین. ئەمە بە تەواوی بە ھەڵە وێنەی بۆ کێشراوە و پێناسەکراوە. بەشێکی لایەنەکان بە ھەڵە قسەیان کردووە. ھیچ ھێزێکی ئاسایشی سنوور پێکناھێنین".