Kosar OSMAN
10 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2016
ماوەیەكە توركیا لە هەڵوێستەكانی ئەمریكا بەرامبەربە پەیەدە نیگەرانە. بەڕادەیەك كە داوای لە ئەمریكا كرد لە نێوان توركیا و پەیەدە یەكێكیان هەڵبژێرێت.
سەرباری ئەوەی كە دوێنێ سێشەممە باڵیۆزی ئەمریكا لە ئەنقەرە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كرا، بەڵام توركیا بەم كارەی نەیتوانی كاریگەری لەسەر هەڵوێستی ئەمریكا دروست بكات.
لەمبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیربی گوتی: "هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بە پەیەدە رووی نەداوە و ئێمە ئەو رێكخراوە بە تیرۆریست نازانین. بەڵام پەكەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی بێگانە بە توركیا هەژمار دەكەین. هەروەها ئومێدەوارین پەكەكە كۆتایی بەو هێرشانە بێنێت كە بۆسەر خەڵكی توركیا ئەنجامی دەدات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جۆن كێربی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای ئەوەی پرسیاری لێكرا لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەمریكا پەیەدە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دەزانێت؟ كیربی لە وەڵامدا گوتی:" هیچ گۆڕانكارییەك لەم مەسەلەیەدا لە هەڵوێستی ئەمریكا رووی نەداوە. ئێمە پەیەدە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی نازانین".
ناوبراو لەبارەی توركیایشەوە گوتی كە ئەمریكا و توركیا هاوپەیمان و دۆستی یەكترن.
كیربی هەروەها بانگهێشتكردنی باڵیۆزی ئەمریكا لە ئەنقەرە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە پشتڕاست كردەوە بەڵام وردەكاریی زیاتری نەدا.