Hakan Çopur
25 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2020
واشنتۆن- AA
دوای ئەوەی حکوومەتی خەرتوم قۆناغی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکرد، ئەمریکا پێشکەشکردنی ٨١ ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی بە سوودان راگەیاند.
لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قیرانی مرۆیی، ٨١ ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی پێشکەش بە سوودان دەکات.
مایک پۆمپیۆ باسی لەوەش کرد کە قەبارەی هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ سوککردنی ئەو قەیرانە مرۆییەی لە سوودان هەیە بۆ تا ٤٣٦ ملیۆن هەڵدەکشێت.
ئەم یارمەتییە مرۆییە راستەوخۆ دوای دەستپێکردنی قۆناغی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوودان و ئیسرائیل بووەتە مایەی سەرنج.
ئیمارات و وڵاتانی کەنداو ماوەیەکی زۆرە لە پشت پەردەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە پەیوەندیدان، ئەم پەیوەندییانەش لە ١١ی ئەیلوولدا و لەڕێی رێککەوتننامەی "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان" لەنێوان ئیمارات، بەحرێن و ئیسرائیل بەشێوەیەکی ئاشکرا راگەیەندرا.
رۆژی ١٥ی ئەیلوول لە رێوڕەسمێکی فەرمی کۆشکی سپیدا رێککەوتننامەکە واژوو کرا.
رۆژی هەینی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە سوودان-یش لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتووەتە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.