Safvan Allahverdi
25 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2020
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕوو کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ١٠ وڵات ئەنجامداوە کە زۆرترین هاوکاری مرۆییان پێشکەش کردوە.
پۆمپیۆ جەختی لەوەش کردوەتەوە کە ئەمریکا لەڕووی زۆری پێشکەش کردنی هاوکاری مرۆیی بە سووریا و جیهان لە ریزبەندی یەکەمدایە و لەو نێوەندەشدا وڵاتەکەی ٧٢٠ ملیۆن دۆلاری دیکە وەک هاوکاری مرۆیی پێشکەشی سووریا دەکات بەم شێوەیە کۆی گشتی ئەو هاوکارییە مرۆییەی واشنتۆن پێشکەشی سووریای کردوە دەگاتە ١٢ ملیار دۆلار.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پاکێجی هاوکارییەکە وڵاتانی تورکیا، ئوردن، لوبنان، عێراق و چەند وڵاتیکی دیکەش دەگرێتەوە کە پەنابەرانی سوورییان گرتووەتەخۆ.
پۆمپیۆ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گوێ بۆ پێویستییەکانی گەلی سووریا بگرن و جەختیشی لە گرنگی بەسەلامەتی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە لێقەوماوانی ئەو وڵاتە کردەوە.