Kasım İleri
25 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سێ جەنەراڵی رژێمی بهشار ئهسهدی خسته لیستی سزاکانهوه که دەستیان هەبووە لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە ھێرشەکانی سەر گەڕەکی غوتەی رۆژھەڵات لە گوندەواری دیمەشقی پایتەخت لە ساڵی ٢٠١٣دا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بڵینکن لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو "کارە دڕندەکانی رژێمی ئەسەد کە هەندێکیان تاوانی جەنگ و تاوانی دژبە مرۆڤایەتین، هێندەی بەردەوام بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژبە خەڵکی سڤیل نامرۆڤانە و قێزەونن. لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٣ هێزە چەکدارەکانی سووریا لە گەڕەکی غوتەی رۆژهەڵاتی دیمەشقی پایتەخت چەکی کیمیاییان بەکارهێنا کە بەهۆیەوە لانیکەم هەزار و ٤٠٠ کەس کوژران کە زۆربەیان منداڵ بوون. ئەمڕۆ بۆ بە سزاگەیاندنی تاوانباران هەنگاوی زیاتر دەنێین".
بڵینکن ئاماژەی بەوە دا هەریەک لە جەنەراڵ عەدنان عەبود حیلوە و غەسان ئەحمەد غەننام و جەودت سەڵیبی مەواس کە دەستیان هەبووە لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە ھێرشەکانی سەر غوتەی رۆژھەڵاتدا، گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا لێ قەدەغە کراوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بڵینکن دووپاتی کردەوە کە بەتوندی سەرکۆنەی هەر جۆرە بەکارهێنانێکی چەکی کیمیایی دەکەن و گوتی: "ئەمریکا داوا لە رژێمی ئەسەد دەکات کە تەواوی بەرنامەی چەکی کیمیایی خۆی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و کۆگاکانی چەکی کیمیایی لەناو ببات".
رژێمی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١٣ لە گەڕەکی غوتەی رۆژهەڵات چەکی کیمیایی بەکارهێنا و لە ئاکامدا، هەزار و ٤٠٠ کەس کوژراون کە زۆربەیان منداڵ بوون.