Sangar Hamad Azeez
15 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کێربی رایگەیاند کە هۆکاری شکستخواردن ئەوانە نین کە دەیانەوێت بە ڕێگای دیپلۆماسی کۆتایی بەم جەنگە بێت، بەڵکو رژێم و پشتیوانانی کە رووسیا و ئێرانن و دەیانەوێت بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی کۆتایی بەم جەنگە بهێنن.
کێربی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە لەبارەی گواستنەوەی هاووڵاتییانی سیڤیلی حەلەب بۆ ناوچەیەکی ئارام.
لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا رۆڵی ئەمریکا چییە لە هەمبەر رزگارکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی، ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا بە دوای چارەسەری دیپلۆماتیدا دەگەڕێن.
سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی گوایە نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان، سامانسا پاوەر رووی لە رووسیا و ئێران کردووە و گوتوویەتی: "بەڕاستی ئێوە شەرم ناکەن؟" ئایا ئەمریکا لە تۆمەتبارکردنی رووسیا جگە لە وەستاندنی جەنگی ناوخۆی سووریا هیچ ئامانجێکی دیکەی هەیە؟ کێربی گوتی: "ئێمە مەبەستمان تۆمەتبارکردنی رووسیا نییە، لە راستیدا بەرپرسیاریێتی کێشەکان لە ئەستۆی رووسیادایە لەبەرئەوەی زۆرترین کاریگەریان لەسەر رژێمەکەی ئەسەد هەیە، بینیمان کەوا چۆن و کەی ئەو کاریگەریانە لەسەر رژێمەکەی ئەسەد بەکار دەهێنن".
کێربی ئاماژەی بەوە کرد کەوا ئەوان لە دانیشتەکان ناچن باس لەوە بکەن کەوا کێ بەرپرسیارە لە کێشەکان و گوتیشی: "ماوەی ١٨ مانگە هەوڵدەدەین لە رێگەی چارەسەری سیاسییەوە قۆناغێکی کاتی بۆ سووریا فەراهەم بکەین و لەو کێشانە رزگاریان بکەین".
لە وەڵامی پرسیارێکیش کە ئەمریکا نەیتوانییوە بەڕیگاچارەی دیموکراتی لایەنەکان بەیەکەوە کۆبکاتەوە و چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە، کێربی گوتی: "هۆکاری شکستخواردن ئەوانەن کە دەیانەوێت بە دەستوەردانی سەربازی ئەم جەنگە کۆتایی پێ بهێنن. بە بەکارهێنانی توندوتیژی و غاز و برسیکردنی خەڵک لەلایەن ئیدارەی ئەسەدەوە گوشارنەخستنە سەری لەلایەن رووسیاوە شکستخواردنە. هۆکاری شکستخواردن ئەوانەی نین کە دەیانەوێت بە ڕێگای دیپلۆماسی کۆتایی بەم جەنگە بێت، بەڵکو رژێم و پشتیوانانی کە رووسیا و ئێرانن و دەیانەوێت بە رێگای سەربازی کۆتایی بەم جەنگە بێنن".
کێربی کاردانەوەی خۆی نیشان دا بەرامبەر ئەوانەی باس لەوە دەکەن کە لە رەوشی سووریادا ئەمریکا شکستی خواردووە و، گوتی: "باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا شکستی هێناوە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەچڕی لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ رەوشی سووریا ئەمریکاش سەرۆکایەتی ئەو هەوڵانە دەکات".
لەوەڵامی پرسیارێکیش کە ئایا ئەمریکا بۆ هێندە بێدەنگە بەرامبەر رۆڵی ئێران لە حەلەب، کێربی ئاماژەی بەوە دا کە نکۆڵی لە رۆڵی ئێران ناکرێت.
لەبارەی پرسیارێکیش کە ئایا ئەمریکا لەبەرامبەر ئەو رۆڵەی لە سووریا دەیگێرێت هیچ جۆرە سزایەکی بەسەردا سەپاندووە، کیربی گوتی: "ئێمە سزای ئێرانمان داوە بەهۆی ئەوەی پشتگیری گرووپەکانی وەک حزبوڵڵا دەکات لە سووریا کە هەڕەشەن لە سەر سەقامگیری".
لەلایەکی دیکەوە کێربی رایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیری لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە تورکیا، رووسیا و قەتەر کردووە لەبارەی سووریا.