Ramal Mahmood
15 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2016
حەلەب/ ئەنقەرە - AA
چەکدارە شیعەکانی ژێر فەرمانی ئێران و هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد رێککەوتن لەسەر سەرلەنوێ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە ناوچە گەمارۆدراوەکانی رۆژهەڵاتی شاری حەلەب باکووری سووریا.
پێشبینی دەکرێت بەمەبەستی گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی و بەڕێوەچوونی قۆناغەکە بەبێ کێشە کار بکرێت بۆ ئەوەی بە خێرایی هاووڵاتییانی سیڤیل بە پاس لە حەلەبەوە بگوێزرێنەوە بۆ پارێزگای ئیدلب.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە فەرماندەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچە گەمارۆدراوەکان دەستی کەوتووە، جەنگاوەرانی ئۆپۆزسیۆن ٤٠ خولەک لەمەوبەر لە بەرەکانی جەنگ بانگەوازییان بڵاوکردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە ئاگربەست بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە دوای ئەوەی چەکدارە شیعەکان بە فەرماندەیی جەنەراڵی ئێرانی، سەید جەواد بە چەکی قورس و تانک هێرشی وشکانییان دەست پێکردبوو ٣٠ خولەک لەمەوبەر هێرشەکانیان راگرت.
سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆن ئاماژەیان بەوە کرد لەگەڵ سەرلەنوێ جێبەجێ کردنی ئاگربەست دەستکراوە بە گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکە. رەوشەکە تاکو بەیانی ئەمڕۆ بێکێشە بەردەوام بووە، پاسەکان چوونەتە ئەم ناوچەیە بۆ ئەوەی بەپەلە هاووڵاتییانی سیڤیل و جەنگاوەرانی ئۆپۆزسیۆن بگوازنەوە بۆ پارێزگای ئیدلب کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندایە و هاوسنووری پارێزگای هاتای تورکیایە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکیا دڵنیایی ئۆپۆزسیۆن و رووسیایش دڵنیایی داوە لەوەی هێزەکانی رژێم پابەند دەبن بە ئاگربەستەکە.