Mazın Asad
15 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2016
ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە لایەن ھێزەکانی وشکایی دژی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە رۆژھەڵاتی حەلەب ئەنجام دەدرێت لە لایەن ميلیشیا شیعەکان بەڕێوە دەچێت. ميلیشیا شیعەکان لە ھەموو شوێنێکی حەلەب چالاکی ئەنجام دەدەن و بە فەرمانی ئێران رێگری لە قۆناغی ئاگربەستیش دەکەن.
سەرەتای ساڵی رابردوو کاتێک ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا توانیان بە تەواوی کۆنترۆڵی باشووری رۆژھەڵاتی حەلەب و شاری ئیدلب بکەن و لە ناوەندی لازقیە نزیک بنەوە، ئێران دەستی بە ھاوکاریکردنی رژێمی ئەسەدی ھاوپەیمانەکەی کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی راگەیاندنی گرووپەکانی میلیشیا شیعەکان و راگەیاندنی ئێران و گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن دەست کەوتووە، ئێران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی بە گواستنەوەی ميلشیاکانی بۆ سووریا کرد.
سوپا و ھەواڵگری ئێران لە پێناو درێژەدان بە حوکمرانی رژێمی ئەسەد لە سووریا، ١٨ ھەزار ئەندامی ميلشیای شیعە لە عێراق، لوبنان، ئەفغانستان و پاکستانەوە رەوانەی سووریا کرد.
ميلیشیا شیعەکان لەکاتی نیشتەجێبوونیان لە سەرەتای ٢٠١٤ لە حەلەب، زۆرترین ھێرشیان لە سووریا ئەنجام داوە. لە ئێستادا ١٢ ھەزار ئەندامی ميلیشیای شیعە لە حەلەب بوونیان ھەیە کە حەوت ھەزاریان لە ١٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا لە رۆژھەڵاتی حەلەب ھێرش دەکەنە سەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا.
لە ئەنجامی ھێرشەکان لە لایەن بزووتنەوەی نەجیبەی عێراقی، لیوای بەدر، حزبوڵڵای عێراق و حزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر ناوچە گەمارۆدراوەکانی حەلەب، ھەزار و ١٣٨ ھاووڵاتی سڤیل کوژراون.
چەکدارانی ئەو چوار گرووپەکە لە ناوچەکانی جودەیدا، بوستان پاشا، شەقامی راموسە، بەلورە، مەرجە، عەزیزە، کارگەی چیمەنتۆی راموسە، سەیفول دەولە، سەڵاحەدین، شێخ سەعید، ناوچەی پیشەسازی، زارەزار، بوستان ئەلقەسر و ئەنساری سەر بە شاری حەلەب نیشتەجێ بوون.
-ناوچەکانی حەلەبیشیان داگیر کرد
جەنەراڵەکانی ئێرانی چالاکی سەربازیی پێنج ھەزار چەکداری ميلیشای شیعە لە رۆژئاوا و باشووری حەلەب بەڕێوە دەبەن. دوو ھەزار لەوانە لە فرقەی فاتمیونی ئەفغانستانی و ٥٠٠ کەسیان لە فرقەی زەینەبیونی پاکستانی پێکدێت و نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ چەکداریش راستەوخۆ سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن.
حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نەجیبەی عێراقی بە تایبەتی ناوچەکانی مینان، کارگەی کارتۆن، دەھەیتول ئەسەد و بیناکانی ٣٠٠٠ و ئاکادیمیای سەربازیی و حەمدانییەیان لە رۆژئاوای حەلەب داگیر کردووە.
-دژی ئاگربەست وەستانەوە
بەپێی زانیارییانەی پەیامێنری ئاژانسی ئانادۆڵو لە گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستی کەوتووە، دوای راگەیاندنی ئاگربەست، لە یەکەم ھەنگاودا ئامادەکاریی بۆ گواستنەوەی بریندارەکان لە رۆژھەڵاتی حەلەب دەکرێت.
لەکاتی گواستنەوەی بریندارەکان بۆ ئۆتۆمبێل و نزیکبوونەوە لە خاڵی کۆنترۆڵی رژێمی ئەسەد، ميلیشیا شیعەکان رێگەیان بە تێپەڕبوونیان نەدا.
سەرەڕای ئەنجامدانی دانوستانێکی چر بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، ميلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دیسان رێگەیان بە تێپەڕبوونی بریندارەکان نەدا.
ئەو ميلیشیا شیعانەی رێنمایی لە ئێران وەردەگرن، ھەوڵی کوشتنی خەڵکی سڤیل و شەڕکەرەکانی ئۆپۆزسیۆن دەدەن لە ناوچە گەمارۆدراوەکان لە حەلەب.