Tuğçenur Akgün
01 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2023
نیویۆرک – AA
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، باربارا لیف بە ئاماژەدان بەوەی کە پەرلەمانتارانی لوبنان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵنەستاون بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار، رایگەیاند کە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی لوبناندا تاوتوێ دەکەن.
لیژنەی لاوەکی تایبەتمەند لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دانیشتنی تایبەت بە بوودجەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ ٢٠٢٤ بە بەشداری بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە ئەنجام دا.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، باربارا لیف لە میانی دانیشتنەکەدا، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئێجگار گرنگن، باسی لەوە کرد کە رێککەوتنەکانی ئابراهام، کۆڕبەندی نەجەف، ئاگربەست لە یەمەن، پێشهاتەکانی لیبیا و ئیسرائیل-فەڵەستین "پێشکەوتنی گرنگ"یان بە خۆیانەوە بینیووە.
باربارا لیف نیگەرانی خۆیانی دەربڕی لە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" بەرامبەر پەرلەمانتاران لە تونس، میسر و ژمارەیەک لە وڵاتانی کەنداو و گوتیشی: "لە تونس ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و سیاسییەکانی وەک رابەری بزووتنەوەی نەهزە، راشید غەنوشی گوشاریان خراوەتە سەر و ئەمەیش مایەی نیگەرانییە".
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک بە ئاماژەدان بەوەی کە پەرلەمانتارانی لوبنان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵنەستاون بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار بۆیە ئەم پێگەیە بە بەتاڵی ماوەتەوە، رایگەیاند کە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی لوبناندا تاوتوێ دەکەن.
ناوبراو داوای لێبوردنی کرد لەوەی راپۆرتی پەیوەندیدار بە کوشتنی پەیامنێری بەئەزموونی کەناڵی ئاسمانیی ئەلجزیرە، شیرین ئەبو عاقلە دواکەوتووە و هیوای خواست بەم زوانە راپۆرتەکە پێشکەش بکرێت.