Zana Natık Kerem
01 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2018
واشنتۆن ــ AA
لە بارەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكان كە لە ئێران بەردەوامییان هەیە، ئیدارەی ئەمریكا رایگەیاند كە لە هەمبەر را دەربڕین بە شێوەیەكی ئاشتیانە، پشتیوانی لە مافی گەلی ئێران دەكات.
لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی كۆشكی سپیدا هاتووە، مافی گەلی ئێرانە كە گوێ لە دەنگی بگیرێت.
لە بەیاننامەكەدا، داوا لە سەرجەم لایەنەكان كراوە مافی را دەربڕینی خۆیان بە شێوەیەكی ئاشتیانە بپارێزن و خۆیان لە هەموو جۆرە مامەڵەیەك بە دوور بگرن كە دەبێتە مایەی دانانی كۆتوبەند لەبەردەم ئەو مافە.
رۆژی شەممەی رابردوو سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو كە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكانی ئێران دەكات و ئاماژەی بەوەدابوو كە نابێت سیستەمی سەركەوتكردن لە ئێران بۆ هەتا هەتایە بەردەوام بێت، رۆژێك دێت كاتێك گەلی ئێران رووبەڕووی بژاردەكانی دەبێتەوە.
هاوكات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هێزەر ناوێرت رایگەیاند كە وڵاتەكەیان لە نزیكەوە چاودێری خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكوومەت لە ئێران دەكات، هەروەها دەستگیركردنی ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران لە میانی ناڕەزاییەتییەكان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە ئیدانە كرد.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە ھۆی خراپی بژێوی ژیان و رەوشی ئابووری، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شارەكانی مەشھەد و كاشمر باكووری رۆژھەڵاتی ئێران دەستی پێكردبوو و دواتر ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
لە میانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان تا ئێستا، دوو خۆپیشاندەر كوژراون و ٢٠٠ی دیكەش لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە، دەستگیركراون.