Rewa Mahmut Hasan
29 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2017
مۆسکۆ - AA
دوای کۆبوونەوەی سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانی و سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتین، کۆنگرەیەکی میدیایی هاوبەش بۆ هەر دوو سەرۆک لە کۆشکی کرملین رێکخرا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا پوتین ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای ئاستەنگییەکانی ساڵی رابردوو، قەبارەی بازرگانی لە نێوان رووسیا و ئێران لەسەدا ٧٠ زیادی کردووەو هەردوولاش خوازیارن ناوچەی بازرگای ئازاد لە ناوچەیئەوراسیا دروست بکرێت.
پوتین ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیا رووسیەکان کاری باشیان کردووە بۆ پێشخستنی کەرتی وزەی ئێران و ئاشکرای کرد کە لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی نەفەرهەڵگر و هەلیکۆپتەر هەڵسەنگاندن دەکەن.
پوتین دووپاتیکردەوە کە ھەڵوێستی ئێران و وڵاتەکەی لەسەر زۆر پرسی جیھانی و ناوچەیی لەیەکەوە نزیکن و جەختی کردەوە کە ھاوکارییەکانیان بەردەوام دەبێت لەوبارەیەوە.
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا پوتین باسی لە قەیرانی سووریا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەشداری کردنی تورکیا، ئێران و رووسیا وەک زامنی کۆبوونەوەکانی ئاستانە، کاریگەریی باشی ھەبووە لە قۆناغی چارەسەری سووریا.
لەلای خۆیەوە رۆحانی ئاماژەی بەوەدا کەباسیان لە پرسی ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە کردووە و ھاوکاریکردن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو کۆتایی ھێنان بە ھەڕەشەکانی تیرۆر لەسەر ناوچەکە بابەتێکی تری کۆبوونەوەکانی بووە لەگەڵ پوتین.
رۆحانی ئاماژەی بەوەدا کە ھەریەک لە رووسیا و ئێران رێز لە سەروەریی، یەکڕیزی خاکی سووریا و سەربەخۆییەکەی دەگرن.
دواتر راگەیەندراوی هاوبەشی نێوان دوو لایەن بە واژووکراوەیی بەسەر میدیاکاراندا دابەشکرا.
لە بەیاننامەکە ھاوبەشەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە قەیرانەکان تەنیا لەرێی دیپلۆماسی-سیاسییەوە پێویستە چارەسەر بکرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەئەنجامی کاری ھاوبەشی تورکیا، رووسیا، ئێران کە کار بۆ ئاگربەست کراوە، کۆبوونەوەکانی ئاستانە دەرئەنجامی هەبووە وھۆکارێک بووە بۆ سەرخستنی کۆبوونەوکانی جنێڤ.